رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 10 گەڕەکی سلێمانی کێشەی ئاویان هەیە، بەڕێوەبەری ئاوی پارێزگاکە دەڵێت، لە رۆژانی داهاتوودا کێشەکەیان چارەسەردەبێت.
رۆژی پێنجشەممە، 6ـی ئابی 2026، بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشیکرد، تایبەت بوو بە کێشەی کەمئاوی لە سلێمانی.
بۆ بەدواداچوونی کێشەکە، هاونیشتمانییانی گەڕەکە جیاوازەکان لەنێو ستۆدیۆی سلێمانیی تۆڕی میدیایی رووداو و بەشێکی دیکەشیان لەڕێگەی پەیامنێرانەوە دەنگی خۆیان گەیاند، هەر لەنێو بووڵتەنەکەدا بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شەممەی هەفتەی داهاتوو کێشەی کەمئاوی لە سلێمانی چارەسەردەبێت و ئەو پەمپانەی لە دووکانەوە ئاو بۆ سلێمانی دەگوازنەوە، چاککراونەتەوە.
"بەهۆی بێئاوییەوە بە میوانمان گوتووە لە ماڵ نین"
مامۆستا شنە، دانیشتووی گەڕەکی سەرچیا رایگەیاند، "ساڵانی رابردوو بەردەوام کێشەی کەمئاویمان هەبووە، بەتایبەتی لەم چەند ساڵەی دواییدا".
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت، "ساڵی رابردوو تووشی کەمئاوییەکی تووند ببوون، بەڵام ئەمساڵ بارانێکی زۆر باریوە و ناکرێت دۆخیان بەم جۆرەی ئێستا بێت و کێشەکە هەروا بمێنێتەوە.''
ئەو ژنە مامۆستایە دەردەدڵی خۆی لە بووڵتەنەکە کرد و دەڵێت، "وای لێهاتووە منداڵەکانمان نەتوانن بە ئاسایی بچنە دەستشۆر یان خۆیان بشۆن و بەردەوام پێیاندەڵێین، ئاگاداری ئاو بن، زۆرجاریش جلەکان دەبەینە لای هاوڕێ و کەسوکارمان لە شوقەکان دەیانشۆین، بەهۆی کەمئاوییەوە کێشەی کۆمەڵایەتی دروستبووە، دراوسێکەیان چوونەتەوە ماڵی باوکی هاوژینەکەی [پیاوەکە]. جار هەبووە میوان ویستوویەتی بێت بۆ ماڵیان، گوتوویانە لە ماڵ نین.''
"ئاوی تانکەرەکان بۆنی ناخۆشە"
بەشێکی هاونیشتمانییان لە سلێمانی ناچارن بە تانکەر تانکیی ماڵەکانیان پڕئاوبکەن. گلەییشیان لە پاکوخاوێنیی ئاوەکە هەیە.
هاونیشتمانییەک لە بووڵتەنەکەدا رایگەیاند، زۆربەی تانکەرەکان ئاوەکانیان بۆنێکی ناخۆشیان هەیە، بە کەڵکی خواردنەوە نایەت، دەشڵێت، لەگەڵ شۆفێری تانکەرێک قسەی کردووە و پێی گوتووە لە تانکەرەکان ئاوی تانجەڕۆ و ئاوی پاک تێکەڵدەکەن، هەر تانکییەکی ماڵەکانیش بە 20 بۆ 25 هەزار دینار پڕئاودەکەن.
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت، بەهۆی نەشیاویی ئاوەکەوە، ئاوەکە تەنیا بۆ پێویستییەکانی دیکەی جگە لە خواردنەوە بەکاردەهێنن.
هاونیشتمانییەکی دیکە، کارمەندی بنکەی تەندروستیی شەهید عومەر تاڵەبانییە بەناوی دڵشاد، دەڵێت، "لە 10 بۆ 12 رۆژی رابردوودا، زۆرترین نەخۆش سەردانی بنکەکەیان کردبێت، بەهۆی نەخۆشییەکانی سکچوون و رشانەوەوە بووە.''
راشیگەیاند، "80%ـی هۆکاری تووشبوون بە سکچوون و رشانەوە لە وەرزی هاویندا، بەهۆی گەرما و ئاوی ناتەندروستە، نەخۆشەکانیش لە هەموو چین و توێژەکان بوون، جگە لە کێشەی کەمئاوی، سیستمی ئاوی شارەکە بەگشتی کێشەی هەیە و 30%ـی هاوبەشان ئاویان پێناگات. ''
وەکو ئەو دەڵێت، "بۆ کێشەی ئاوی ناوچەکەمان چووینەتە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی و پێیان گوتوون، چارەسەرکردنی کێشەکە 280 ملیۆن دیناری دەوێت.''
هاونیشتمانییەکی دیکە بەناوی حاجی عومەر، دانیشتووی گەڕەکی سێتوانە لەنێو ستۆدیۆی رووداو گوتی، "هەفتەی جارێک دوو کاژێر ئاویان بۆ بەردەدرێتەوە، ئەوەش تانکییەکانیان پڕئاو ناکات و ناچارن چەند ترۆمپایەک کارپێبکەن تاوەکو ئاوی زیاتر بخەنە نێو تانکییەکانیانەوە، بەڵام کوالێتیی ئاوەکە باش نییە و جار هەبووە کرمی تێدا بووە.''
قایمقامی سلێمانی: کێشەی کەمئاوی بەمزووانە چارەسەردەکرێت
فازڵ عومەر، قایمقامی سلێمانی رایگەیاند، کێشەی کەمئاوی لە چەند گەڕەکێکی سلێمانی پەیوەندیی بە بودجە و دواکەوتنی چارەسەریی کێشەی پەمپەکانی سەر هێڵی دووی دووکانەوە هەیە.
قایمقامی سلێمانی، رەتیکردەوە زۆربەی گەڕەکەکانی سلێمانی کێشەی بێئاوییان هەبێت و دەڵێت، "تەنیا ئەو گەڕەکانە کێشەیان هەیە دەکەونە سەر هێڵی دووی پڕۆژەی ئاوی دووکان، لەوانەش گەڕەکەکانی برایانی مەحموود، سێتوان، قرگە، کانی با و بەشێک لە گەڕەکەکانی کوردسات و راپەڕین."
سەبارەت بە هۆکاری کێشەکە، فازڵ عومەر گوتی، دواکەوتنی چارەسەرکردنی کێشەکە پەیوەندیی بە "دۆخی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کێشەی بودجەوە" هەبووە.
گوتیشی، "کێشەی شایستە داراییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا کاریگەریی لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەکان و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان هەبووە."
بۆ چارەسەری کاتیی کێشەکە، قایمقامی سلێمانی ئاماژەی بەوەدا ماوەی کارکردنی ئەو بیرە ئاوانەی حکومەت دابینیکردوون (شەمعەکان)ـیان بۆ ماوەی دوو کاژێر درێژکردووەتەوە و تاوەکو کاژێر 9:00ـی شەو کراوە دەبن.
لەبارەی سکاڵای هاونیشتمانییان لە پیسبوونی ئەو ئاوەی بە تانکەر دەیکڕن و بڵاوبوونەوەی سکچوون و رشانەوە، فازڵ عومەر دەڵێت، "هیچ راپۆرتێکی فەرمیمان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستییەوە پێنەگەیشتووە پشتڕاستی بکاتەوە هۆکاری سکچوون و رشانەوەکە، ئاوی پیسی تانکەرەکان بووبێت."
قایمقامی سلێمانی گوتیشی، "ئەو بیرە ئاوانەی حکومەت دابینیکردوون، مۆڵەتپێدراو و پشکنینیان بۆ کراوە و ئاوەکانیان پاکە." دەشڵێت، "ئەگەر هاونیشتمانییەک سکاڵای لەسەر ئاوی تانکەرێک هەبێت، دەتوانێت ئاگادارمانبکاتەوە بۆ ئەوەی نموونەی ئاوەکە وەربگیرێت و پشکنینی بۆ بکرێت."
ئەو بەرپرسەی سلێمانی باسی لەوەشکرد، لیژنەکانیان بەردەوام چاودێریی تانکەرەکانی ئاو دەکەن، چ لەڕووی کوالێتیی ئاو و چ لەڕووی نرخەوە. ئەو گوتی، "لیژنەیەکمان هەیە بەناوی لیژنەی شەمعەکان بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا کارادەکرێتەوە و چاودێریی تانکەرەکان دەکات."
فازڵ عومەر راشیگەیاند، نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هاتووەتە سەر هێڵ بۆ خێراکردنی چارەسەری کێشەکە و دابینکردنی پێداویستییەکان.
"بەهۆی بێئاوییەوە ئاوات بە مەرگی خۆم دەخوازم"
فاتیمە هاونیشتمانیی دانیشتووی گەڕەکی 'کانی با'یە، بە ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداوی لە سلێمانی راگەیاند، "پێنج بۆ حەوت رۆژ جارێک ئاویان بۆ بەردەدرێتەوە. ماوەی بەردانەوەکەش دوو کاژێرە."
ئەو هاونیشتمانییە دەشڵێت، ئەگەر پێنج رۆژ جارێک چوار کاژێر ئاویان بۆ بەربدرێتەوە، کێشەی ئاویان نامێنێت، ئەو ئاوە بەشی هیچیان ناکات و هێندەی ئاویان بۆ بەردەدرێتەوە، ناچارن هێندەش ئاو بە تانکەر بکڕن.''
دایە خەدیجە هاونیشتمانییەکی دیکە بوو کە لە گەڕەکی کانی با قسەی بۆ ئەرکان عەلی کرد و گوتی، ئێستا وای لێهاتووە هەندێک جار هەشت رۆژ جارێک ئاویان بۆ بەردەدرێتەوە.
ئەو دەڵێت، سێ ساڵە هاتوونەتە گەڕەکی کانی با، ئێستا وای لێهاتووە، "ئاوات بە مەرگی خۆم دەخوازم" لەتاو بێئاوی.
"خێزان هەبووە چووەتە ماڵێکی دیکەی کەسوکاری بەهۆی بێئاوییەوە"
یەکێکی دیکە لەو گەڕەکانەی بەدەست بێئاویی تووندەوە دەناڵێنێت، گەڕەکی راپەڕینە.
نازەنین دانیشتوویەکی گەڕەکەکەیە، بە نزار جەزا، پەیامنێری رووداوی لە سلێمانی راگەیاند، "پێنج بۆ شەش رۆژ جارێک ئاویان بۆ بەردەدرێتەوە و بەشیان ناکات. ماوەی بەردانەوەکەش کەمتر لە دوو کاژێرە، ساڵی رابردوو دۆخیان باشتر بوو."
ئەو دەڵێت، پێشتر سێ رۆژ جارێک ئاویان بۆ بەردەدرایەوە. ئێستاش ئاو بەشیان ناکات و ناچارن بە تانکەر ئاو بکڕن و زۆرجاریش بۆ پێویستییەکانیان دەچنە شوێنەکانی دیکە و تەنانەت بۆ ئامێری فێنککەرەوە [موبەڕیدە]ـش بە دەبە ئاو دەهێنن.
راڤین، دانیشتوویەکی دیکەی گەڕەکی راپەڕین بە نزار جەزای راگەیاند، خەڵک ئێستا ناچارن بە تانکەر ئاو بکڕن یان شوێنە گشتییەکان بەکاربهێنن، تەنانەت خێزان هەبووە چووەتە ماڵێکی دیکەی کەسوکاری بەهۆی بێئاوییەوە.
"800 مەتر بۆریی پێویستە و 400 مەترمان هەیە"
هاونیشتمانییەکی دیکەی دانیشتووی سێتوان لەنێو ستۆدیۆی رووداو دەڵێت، 13 ساڵە ئەو کێشەیان بۆ چارەسەر نەکراوە چەندین جاریش چوونەتە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی. لەوێ پێیان گوتوون چارەسەرکردنی کێشەکەیان 800 مەتر بۆریی پێویستە، خۆیان تەنیا 400 مەتر بۆرییان هەیە. جگە لەوەش، 280 ملیۆن دیناری پێویستە بۆ ئەوەی هێڵێکی نوێیان بۆ رابکێشن، بودجەی پێویستیشیان لەبەردەست نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.
ئەو هاونیشتمانییە گوتی، "پێشتر هێڵی ئاوی ناوچەکەیان بەشێوەیەکی خراپ دروستکراوە و لە 2013ـەوە بە تانکەر ئاو دەکڕن. ئەو ئاوەشیان بۆیان بەردەدرێتەوە، بەشی ئەوەش ناکات تانکییەکانیان پڕئاوبکەن.
"چارەسەر ئەوەیە بەرپرسان بێن لە گەڕەکەکەمان نیشتەجێبن"
هاونیشتمانییەکی دیکەی دانیشتووی سێتوان دەڵێت، "داوادەکەم بەرپرسان بێنە دوو بۆ سێ مانگ بێنە گەڕەکەکەمان نیشتەجێبن و بژین"، ئەوکاتە دەزانن کێشەکەیان چەند گەورەیە و چارەسەری دەکرێت.
گوتیشی، بەهۆی کەمئاوییەوە، هەر خانوویەک نرخەکەی 10 هەزار بۆ 15 هەزار دۆلار نرخەکەی دابەزیوە.
هەر لەو گەڕەکە بەپێی قسەی هاونیشتمانییەک تەنانەت لە سێتوان چەند ماڵێک بەهیچ شێوەیەک ئاویان بۆ ناچێت، جاریش هەبووە تانکەرێک "ئاوی پیس"ـی بەهۆی ناچارییەوە کڕیوە بە 35 هەزار دینار. بۆ خواردنەوەش بەجیا ئاوی کڕیوە.
دانیشتووانی ئەو گەڕەکە، لە مزگەوتی گەڕەکەکە دوو هەزار واژۆیان کۆکردووەتەوە، چوونەتە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاوی سلێمانی، بەڕێوەبەری ئاوی ناوچەکەی راسپێردراوە دەستکاری ترۆمپای ئاوی مزگەوتی گەڕەکی سێتوان بکرێت.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەكان، سلێمانی رۆژانە پێویستی بە 480 هەزار بەرمیل ئاوە، بەڵام ئەوەی لە توانای بەرهەمهێنانیدایە تەنیا 250 هەزار بەرمیلە.
