رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای بڕیارەکانی حکومەتی عێراق بۆ چۆڵکردنی بارەگا حیزبییەکان، بارەگای لقی 15ی پارتی لە خانەقین هێشتا لەژێر دەستی هێزە عێراقییەکاندا ماوەتەوە. بەرپرسی لقەکە دەڵێت، گەڕانەوەی ئەوان بۆ کەرکووک و خانەقین یەک پاکێج بوو، بەڵام تاوەکو ئێستا بارەگاکەیان رادەست نەکراوەتەوە.
ئەکبەر حەیدەر، بەرپرسی لقی 15ی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە، بارەگای لقی ئێمە لەلایەن حەشدی شەعبی، هەواڵگریی عێراق و سوپای عێراقەوە دەستی بەسەردا گیراوە و تاوەکو ئێستا ئەو هێزانەی تێدا جێگیرن."
بەرپرسی لقی 15 ئاماژەی بەوە کرد، چەندین جار بەڵێنی چۆڵکردنی بارەگاکەیان پێدراوە، بەڵام جێبەجێ نەکراوە. گوتیشی: "لەگەڵ سەرکردایەتیی خۆمان لە بەغدا قسەمان کردووە بۆ ئەوەی لە هەوڵەکانیان بەردەوام بن. زەویی ئەو بارەگایەمان بە شێوەی بانەوانی لە شارەوانی بۆ ماوەی 25 ساڵ وەرگرتووە، بەڵام ئێمە 10 هێندەی نرخی زەوییەکەمان لە دروستکردنی بارەگاکەدا خەرج کردووە."
ئەم کێشەیە لە کاتێکدایە، شەوی چوارشەممە، 5ـی ئابی 2026، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە دەبێت "چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت."
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، 30ـی ئەیلوولی 2026 وەک دوا مۆڵەت دیاریکراوە بۆ ئەوەی گرووپە چەکدارەکان چەکەکانیان رادەستی دەوڵەت بکەن. بڕیاریش دراوە لە دوای ئەو بەروارە، یاسای دژەتیرۆر بەسەر هەر گرووپ و چەکدارێکی دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکاندا جێبەجێ بکرێت.
خانەقین یەکێکە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و لە دوای ساڵی 2017ـەوە هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی فیدراڵی تێیدا جێگیرن، پارتی دیموکراتی کوردستان داوا دەکات هاوشێوەی کەرکووک، بارەگاکانی لەو شارەشدا رادەست بکرێتەوە.



