رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری حەسەکە رایدەگەیێنێت، سبەی یەکەم کاروانی ئاوارەکان کە لە زیاتر لە 600 خێزان پێکدێن، دەگەڕێنەوە بۆ سەرێکانی؛ هاوکات ئەندامێکی کۆمیتەی ئاوارەکانیش دەڵێت: "کورد لەنێو ئاسایشی سەرێکانی دەبێت و پێکەوە لەگەڵ عەرەب شارەکە بەڕێوەدەبەن."
نوورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی رایگەیاند: "ئامادەکارییەکان تەواو بوون بۆ ئەوەی سبەی زیاتر لە 600 خێزان بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانی خۆیان لە گوندەوارەکانی سەرێکانی. پلانمان هەیە هەموو ئاوارەکان بە چەند قۆناخێک بگەڕێنینەوە."
پارێزگاری حەسەکە ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆسەی گەڕانەوەکە هەموو لایەک دەگرێتەوە؛ بە جۆرێک ئەو هاووڵاتیانەی خەڵکی گەڕەکەکانی (غوێران و عەزیزیە)ی حەسەکەن و ئێستا لە سەرێکانی نیشتەجێن، دەگەڕێنەوە بۆ گەڕەکەکانی خۆیان و ئاوارەکانی سەرێکانیش دەگەڕێنەوە نێو شارەکەیان. گوتیشی: "کار دەکەین بۆ ئەوەی ژمارەی ئاوارە لە پارێزگای حەسەکە بگەینینە 'سفر'."
هەروەها محەممەد حاجۆ، ئەندامی کۆمیتەی ئاوارەکانی سەرێ کانی بە رووداوی راگەیاند: "حەوت ساڵە خەڵکی ئێمە چاوەڕێی ئەم هەواڵە دەکەن. سبەی یەکەم کاروانی ئاوارەکان بەرەو سەرێکانی بەڕێدەکەوێت."
محەممەد حاجۆ زانیاریی زیاتری لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی شارەکە ئاشکرا کرد و گوتی: "لەمەودوا کورد لەنێو ریزەکانی ئاسایشی سەرێکانی دەبێت. کورد و عەرەب پێکەوە شارەکە بەڕێوەدەبەن و دەیپارێزن."
بە گوتەی ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ئاوارەکان، تاوەکو ئێستا ناوی 80 هەزار ئاوارەیان تۆمار کردووە، کە زۆربەیان لە شاری حەسەکە نیشتەجێن و ئارەزووی گەڕانەوە دەکەن.
ئەم هەنگاوە دوای کۆبوونەوەیەکی فراوانی پارێزگاری حەسەکە هات لەگەڵ نوێنەرانی ئاوارەکان و فەرماندەیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی پارێزگاکە، بە مەبەستی چەسپاندنی پێکەوەژیان و دوورکەوتنەوە لە گوتاری رقوکینە لە ناوچەکەدا.
شارۆچکەی سەرێکانێ یەکێکە لەو ناوچانەی لە ساڵانی رابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو شەپۆلی کۆچبەری و ئاوارەبوونی بەخۆیەوە بینیوە، دۆسیەی گەڕانەوەی خەڵک و دووبارە بونیادنانەوەی ئارامی و خزمەتگوزارییەکان وەک گەورەترین ئاڵنگاری ماوەتەوە.
رۆژی 22-7-2026 عەبدوڵڵا ئەلجەشعەم، بەڕێوەبەری ناحیەی سەرێکانێ بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو کۆتایی ساڵ هیچ ئاوارەیەک نامێنێت و خانووەکانیشان دەدرێتەوە.


