رووداو دیجیتاڵ
حیزبە کوردستانییەکان لە کەرکووک کۆبوونەوە، بەرپرسی لقی سێی پارتی لەو شارە دەڵێت، یەکێتی ئامانجی کاری هاوبەشە لەگەڵ ئێمە. بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتیش دەڵێت، پارتی پێشنیازی کۆبوونەوەی کرد و ئێمەش قبووڵمان کرد. بەرپرسی مەڵبەندی حیزبی شیوعی گوتی: "پارتی و یەکێتی جیاواز لە جاران، لێک نزیک بوون."
کۆبوونەوەکە، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە بارەگای لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک بەڕێوەچوو و تێیدا کەسی یەکەمی حیزبە کوردستانییەکان لەو شارە بەشدار بوون.
پارتی: رەنگە یەکێتی ئامانجی کاری هاوبەش بێت
سیروان سەید عاسی، بەرپرسی لقی سێی کەرکووکی پارتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆبوونەوەیەکی زۆرباشمان کرد و پەیوەندییەکانیشمان زۆر باش بوون، حیزبەکان هەموویان زۆریان پێخۆشە پێکەوە کار بکەین.
لەبارەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیشەوە، سیروان سەید عاسی گوتی: "رەنگە ئامانجی کاری هاوبەش بێت لەگەڵ ئێمە."
ئەو بەرپرسەی پارتی ئاماژەی بە دۆخی کەرکووک کرد و گوتی: "بابەتی کەرکووک بە کۆبوونەوەیەک و دووان یەکلایی نابێتەوە، دەبێ کاری بۆ بکرێت و هەموو حیزبەکانیش داوای چارەسەریان کردووە."
سیروان سەید عاسی ئاماژەی بەوەکرد، یەکێتی سەردانی کردوون و پێی خۆش بووە کۆببنەوە.
یەکێتی: پارتی پێشنیازی کۆبوونەوەی کرد و ئێمەش قبووڵمان کرد
هاوکات رەوەند مەلا مەحموود، لێپرسراوی مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، "کە بەرپرسی نوێی لقی پارتی لە کەرکووک دیاریکرا، بۆ بەخێرهاتن سەردانم کرد و ئەویش پێشنیازی کۆبوونەوەی کرد و ئێمەش قبووڵمان کرد."
لێپرسراوی مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکووک ئاماژەی بەوەکرد، دەبێ ئێمە (حیزبە کوردستانییەکان لە کەرکووک) زوو زوو کۆببینەوە، "چونکە مامەڵەی ئێمە جیاوازە و لەگەڵ حکومەتی بەغدایە، دەبێ هەڵوێستمان جیاواز بێت و هاوئاهەنگ بین."
لەبارەی پەیوەندییەکانیشیان لەگەڵ پارتی گوتی: "ئێمە هەوڵمان داوە لێرە (کەرکووک) پەیوەندییەکانمان ئاسایی بێت و کێشەی هەرێمی کوردستان کاریگەریی لەسەری نەبێ."
کۆنووسی کۆبوونەوەی حیزبەکان
لە کۆبوونەوەی حیزبە کوردستانییەکانی کەرکووک دا، چەندین پرسی سیاسی تاوتوێ کران و پاش گفتوگۆیەکی هەمەلایەنەی لایەنەکانی بەشداربووی کۆبوونەوە، لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە هاوڕاو هاوهەڵوێست بوون:
یەکەم: ئەم کۆبوونەوانە وە لەکاتی پێویست بکرێن، کە هەر جارە و لە بارەگای لایەنێکی سیاسی کوردی پارێزگاکەدا بێت.
دووەم: جەختکردنەوە لەسەر هاودەنگی لایەنەکان بەرانبەر مافە رەواکانی کورد.
سێیەم: هەوڵی جیدی بدرێت لەپێناو بەدەستهێنانەوەی ئەو پلەو پۆستانەی پشکی کورد بوون لە رابردوودا لە ئیدارەی خۆجێی پارێزگاکە کە لەدەست دراون. هەڵبەت ئەم هەوڵەش بەبێ یەکدەنگی و هاوهەڵوێستی حیزبە کوردستانییەکان نایەتەدی.
چوارەم: خواستی جەماوەری کەرکووک، پاراستن و پەرەپێدانی گیانی یەکڕیزی و تەبایی لایەنە سیاسییەکانی شارەکەیە، بۆیە پێویستە ئەم خواستە رێزی لێبگیرێت و بەهەند وەربگیرێت.
پێنجەم: هەرگیز بیر لەوە نەکرێتەوە کە لە پێناو پۆستێکی ئیداری یاخود بەرژەوەندیی بەرتەسکی حیزبیانە، ماڵی کورد پەرتەوازە بکەین کە دەرئەنجام لێکترازانی لایەنەکانی لێبکەوێتەوە، بەمەش هەم پۆستەکە لەدەست دەدەین و هەمیش جەماوەر و لایەنگرانمان نیگەران دەکەین.
شەشەم: دەنگی ئێمەی پێکهاتەی کورد لە شارەکە زۆرینەیە و پێویستە رێز لە سەنگی خۆمان و دەنگدەرانمان بگرین و نابێت هیچ جۆرە رێککەوتنێک لەگەڵ پێکهاتەی دیکەی کەرکووک بکرێت، کە دەرئەنجام ببیێتە هۆی نیگەرانکردنی شەقامی سیاسی کوردی و لێکترازانی یەکڕیزی کورد.
حەوتەم: دۆزی نەتەوەیی ئێمەی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم کێشەی خاکە لەگەڵ دەسەڵات، بۆیە دەبێت هاوڕا و هاوهەڵوێست بین تاوەکو بتوانین پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی میللەتەکەمان بکەین.
پارتی: هەمووان بە گەڕانەوەی ئێمە دڵخۆش بوون
لەدوای هەڵبژاردنی پارێزگار و جێگرەکەی لە هۆتێل رەشیدی بەغدا لە 9ی ئابی 2024دا، (کە ئەوکات فراکسیۆنی پارتی و دوو ئەندامی بەرەی تورکمانی و سێ عەرەبی سوننە ئامادە نەبوون)، فراکسیۆنی پارتی بایکۆتی دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگایان کرد، بەڵام هەفتەی رابردوو، بڕیاریان دا بەشداربن.
سیروان سەید عاسی، بەرپرسی لقی سێی کەرکووکی پارتی گوتی: "کۆبوونەوەکە دەستپێشخەریی هەمووان بوو بە یەکێتیشەوە، ئەوەی دیاربوو ئەوەبوو کە هەموویان بە گەڕانەوەی پارتی دڵخۆش بوون."
شیوعی: نامەیەکی هاوبەشمان لەسەر دۆخی کەرکووک بۆ پارێزگار نووسی
دڵشاد حەساری، بەرپرسی مەڵبەندی حیزبی شیوعی لە کەرکووک بە رووداوی گوت: "تێگەیشتنی زۆر باش لەنێوان حیزبەکاندا هەبوو، پارتی دیموکراتی کوردستان پاکێجێکی حەوت خاڵی ئامادەکرد و هەمووان پەسندیان کرد، چونکە لەبارەی دۆخی ئێستای کەرکووک بوو."
دڵشاد حەساری گوتیشی: "هەموو حیزبەکان بە تێکڕا سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستانیان کرد و هاوکات داوای لادانی ئەو عەسکەرتارییەتەیان کرد لە پارێزگاکە."
بە گوتەی بەرپرسی مەڵبەندی حیزبی شیوعی لە کەرکووک، لە سنووری پارێزگاکە "هێزی عەسکەر زاڵە و لە گوند و بازگەکاندا سەرانە لە خەڵکی سڤیل دەسەنرێت" و ئاماژەی بەوەشکرد، لەبارەی ئەو دۆخەوە نامەیەکی هاوبەشیان بۆ پارێزگاری کەرکووک نووسیوە.


