رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر پێشنیازی لیژنەیەکی تایبەت، رەزامەندی لەسەر پەسندکردنی کۆنووسی هەژمارکردنی ماوەی خزمەتی سەربازی و ئەمنی بە شێوازی (ساڵێک بە دوو ساڵ) دەربڕی. ئەم بڕیارە بە مەبەستی رێکخستنەوەی راژە و پاراستنی مافی یاسایی و دارایی فەرمانبەران و کارمەندانی گشت دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی هەرێمی کوردستان دراوە.
رۆژی چوارشەممە، 05ـی ئابی 2026، وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەپێی نووسراوێکی فەرمی کە ئاراستەی وەزارەتەکەیان، وەزارەتی ناوخۆ، ئەنجوومەن و دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان کراوە. تێیدا هاتووە: "ماوەی هەژمارکردنی ئەم خزمەتە لە 4ی تەممووزی 1992، واتە لە کاتی راگەیاندنی یەکەم کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستپێدەکات تاوەکو کۆتایهێنان بە راژەکانیان".
لە راگەیێندراوەکدا هاتووە، پاڵپشت بە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، دوا وادە بۆ هەژمارکردنی ئەم خزمەتە بە شێوازی ساڵێک بە دوو ساڵ یان "دوو چەندانە" تاوەکو 31ی کانوونی یەکەمی 2024 دیاریکراوە.
لەبارەی مەرجەکان وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: "پرۆسەی هەژمارکردنی ئەم خزمەتە بە مەرجێک دەبێت کە کارمەند یان ئەفسەرەکە خانەنشینی ئەو ساڵانە لە مووچەی بنەڕەتی بداتەوە. هەر پێشمەرگەیەک پێویستە %10ی مووچەی بنەڕەتی 10 ساڵ بداتەوە، کە دەکاتە نزیکەی سێ ملیۆن و 936 هەزار دینار، بۆ ئەفسەرانیش دەگاتە شەش ملیۆن و 336 هەزار دینار".
ئەم بڕیارە زۆرەملێ نییە و بابەتێکی ئارەزوومەندانەیە؛ بە جۆرێک پێویستە فەرمانبەر یان ئەفسەرەکە خۆی داواکاری فەرمی بۆ هەژمارکردنی خزمەتەکەی ئاراستەی فەرمانگەکەی بکات.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بە گواستنەوەی راژە کراوە و جیاوازی لەنێوان سێکتەرەکاندا کراوە. ئەو کەسانەی لە هێزە سەربازی و ئەمنییەکانەوە راژەکەیان بۆ بەشی شارستانی گوێزراوەتەوە یان لە داهاتوودا دەگوێزرێتەوە، هەژمارکردنی ساڵێک بە دوو ساڵ نەیانگرێتەوە. بەڵام ئەو کارمەند و ئەفسەرانەی میلاکیان لەنێوان دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانی وەک پێشمەرگە، ناوخۆ و ئاسایشدا دەگوێزرێتەوە، مافی هەژمارکردنی خزمەتەکەیان بە ساڵێک بە دوو ساڵ بۆ دەپارێزرێت.



