رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمساڵ بەیەکجار ناوی زیاتر لە 10 هەزار کەس بە تیروپشک هەڵدەبژێرن کە بۆ دوو ساڵی داهاتوو حەج دەکەن.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە، 2ـی ئابی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، زیاتر لە 45 هەزار کەس ناویان تۆمارکردووە ساڵی داهاتوو بچنە حەج و دوایین کات 5ـی ئەم مانگە دەبێت.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە گوتی، "ئەمساڵ تیروپشک بۆ دوو ساڵ دەکرێت، رێکارەکانی تیروپشکیش دوای راگرتنی تۆمارکردنی ناو دەستپێدەکات."
سەبارەت بە کاتی راگەیاندنی ناوەکان، کاروان ستوونی گوتی، "تیروپشکی ناوەکان پێنج خولەک کاتی دەوێت، بەڵام رێکارەکان کاتیان پێویستە و ئەنجامی تیروپشک بۆ ئاشکرابوونی ناوی ئەو کەسانەی ساڵی داهاتوو دەچنە حەج، کۆتایی ئەم مانگە یان سەرەتای مانگی داهاتوو دەبێت."
پشکی هەرێمی کوردستان بۆ حەجی ئەمساڵ 5 هەزار و 120 کەس بوو. کاروان ستوونی گوتی، "تاوەکو ئەمڕۆ پشکی نوێ دیارینەکراوە، ئەگەر لەسەر بنەمای سەرژمێری پشک دیاریبکەن ژمارەکە زیاددەکرێت."
ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان ناونووسین بۆ حەجی ساڵی داهاتوو، 21ـی تەممووزی 2026 دەستیپێکرد.
پار ناونووسین بۆ حەج، لە 11ـی ئەیلوول دەستیپێکرد و 26ـی هەمان مانگ کۆتاییهات. زیاتر لە 90 هەزار کەس داواکارییان لە رێگەی فۆڕمی ئەلیکترۆنی پڕکردەوە، لەو ژمارەیە 5 هەزار و 120 کەس بە تیروپشک ناویان دەرچوو.



