رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای تێپەڕبوونی 12 ساڵ بەسەر فەرمانی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان لە شنگال، ترس لە دووبارەبوونەوەی کارەسات لە دڵی رزگاربوواندا ماوەتەوە. ئێستا بەشێکی زۆری ئەو خەڵکە لەبری ئاوەدانکردنەوەی ناوچە دەشتاییەکان، روو لە بناری چیا دەکەن و لەوێ نیشتەجێ دەبن.
بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، لە ماوەی 12 ساڵی رابردوودا، نزیکەی 2500 خانوو لە دەوروبەر و سەردەشتی چیای شنگال دروستکراون. ئەم کۆچە ناوخۆییەی شنگالییەکان لە دەشتەوە بۆ بناری چیا، وەکو هەوڵێک بۆ دابینکردنی ئاسایش و پاراستنی ژیانیان لە هەر گەفێکی ئەگەری دەبینرێت.
"ئیتر متمانەمان نەماوە"
مشکۆ موراد، هاونیشتمانییەکی ئێزدییە و باس لەو گۆڕانکارییە دەکات بەسەر بیرکردنەوەی خەڵکدا هاتووە. ئەو دەڵێت: "هەموو جیهان دەزانێت چی بەسەر ئێزدییەکاندا هات. ئیتر ئێزدی ناتوانن لە عەرەبەکان نزیک ببنەوە. هەرکەسێک دێت، خۆی لە چیا نزیک دەکاتەوە، موڵکەکانیان لە دەشتاییەکان دەفرۆشن و دێن لە نزیک چیا زەوی دەکڕن و خانوویەک بۆ خۆیان دروست دەکەن، چونکە چاویان لە فەرمانە."
بۆ ئێزدییەکان، چیای شنگال تەنیا بەرزاییەکی جوگرافی نییە، بەڵکو سەمبوولی مانەوە و "دوایین پەناگە"یە. لە ئابی 2014دا کاتێک چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر ناوچەکە، هەزاران ئێزدی پەنایان بۆ ئەو چیایە برد و لەوێ لە مردن رزگاریان بوو.
چیا لە شوێنێکی بێ خزمەتگوزارییەوە بۆ ناوەندی نیشتەجێبوون
پێش ساڵی 2014، زۆربەی ئێزدییەکان لە کۆمەڵگە نیشتەجێبووەکان و ناوچە دەشتاییەکان دەژیان، چونکە بناری چیا و سەردەشت وەکو پێویست خزمەتگوزارییان لێ نەبوو، بەڵام ئێستا هاوکێشەکە گۆڕاوە.
سلێمان خدر، هاونیشتمانییەکی دیکەی نیشتەجێی ناوچەکەیە و دەڵێت: "خەڵک تاوەکو ساڵی 2014 لە کۆمەڵگاکاندا بوون و بەم شوێنانە رازی نەدەبوون، چونکە ئاویان لێ نەبوو. بەڵام دوای هاتنی داعش، ئیتر متمانەمان بە کەس نەماوە، هەرکەسێک دێت دەچێت خانووەکەی لە نزیک چیا دروست دەکات."
ئەو ترس و دڵەڕاوکێیەی لە دوای هێرشەکەی داعش لە دەروونی شنگالییەکاندا چەسپاوە، وایکردووە ئێستا لەنێوان "ئێشی رابردوو و هیوای داهاتوودا"، ژیانی خۆیان لەژێر سێبەری تاشەبەردەکانی شنگالدا رێکبخەنەوە، بەو هیوایەی چیا جارێکی دیکە ببێتەوە بە قەڵای پارێزەریان.
.jpeg&w=3840&q=75)

