رووداو دیجیتاڵ لە نزیک دێلوڕانی سەر بە پارێزگای ئیلام، ئۆتۆمبێلێک وەرگەڕا. بەڕێوەبەری گشتیی فریاکەوتنی خێرای پارێزگاکە دەڵێت، بەهۆی رووداوەکەوە چوار کەس گیانیان لەدەستداوە. رووداوەکە کاژێر 06:40 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی 31-07-2026 لە نزیک شاری دێلوڕانی سەر بە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان روویداوە. مەهدی شەعبانی، بەڕێوەبەری گشتیی فریاکەوتنی خێرای پارێزگاکە رایگەیاند، ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری پیژۆ پارس وەرگەڕاوە. بەگوتەی مەهدی شەعبانی، لە ئەنجامی وەرگەڕانەکەدا، چوار لە سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکە دەستبەجی گیانیان لەدەستداوە و یەکێکیشیان بە سەختی بریندار بووە. بەڕێوەبەری گشتیی فریاکەوتنی خێرای ئیلام گوتی، دوای دەرهێنانەوەیان، تەرمەکان رەوانەی دادپزیشکیی ناوەندی پارێزگاکە کراون و بریندارەکەش گەیێندراوەتە نەخۆشخانە. وەک مەهدی شەعبانی دەڵێت، تەمەنی هەر چوار گیانلەدەستدراوەکان لەنێوان 20 بۆ 36 ساڵان بووە. تاوەکو ئێستا هۆکاری وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکە نازانرێت و پۆلیسی هاتووچۆ سەرقاڵی لێکۆڵینەوەی زیاترە لە رووداوەکە. بەپێی ئامارە فەرمییەکانی دادپزیشکیی ئێران، ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە دەبنە قوربانی، بەجۆرێک پار 19 هەزار و 540 کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەوهۆیەوە گیانیان لەدەستدابوو.
کوردستان31-07-2026وەزیری پێشمەرگە لەبارەی ئەنفالی بارزانییەکان: ئەم تاوانە یەکێکە لە جەرگبڕترین کارەساتەکانی مێژووی گەلی کورد