رووداو دیجیتاڵ
کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەیەوە سەردانی سەرۆک بارزانی کرد و دەڵێت، خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە پاڵپشت و هاوکاری بوونە لە برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان.
بەپێی راگەیێندراوێکی بارەگای بارزانی، رۆژی یەکشەممە، 26ـی تەممووزی 2026، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە یان برێم، کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر کرد کە بە مەبەستی ماڵئاواییکردن و کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی سەردانی کردبوو.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، کۆنسووڵی فەرەنسا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ پاڵپشتییە بەردەوامەکانی سەرۆک بارزانی کردووە، هاوکات باسی لەو هەوڵانە کردووە کە لە ماوەی کارکردنیدا لە هەرێمی کوردستان داویەتی کە "لەپێناو زیاتر بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا لە هەموو بوارەکاندا" بووە.
بارەگای بارزانی نووسیویەتی، سەرۆک بارزانی سوپاسی رۆڵی بەرچاوی کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسای کرد بۆ ئەو رۆڵەی لە ماوەی ئەرکی خۆیدا لە هەرێمی کوردستان هەیبووە و جەختی لەوە کردەوە، "پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا لەمێژینە و مێژووییە." هاوکات هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکی نوێیدا.

