رووداو - دیجیتاڵ
لە گەڕەکێکی شاری هەولێر، سووتانی مۆلیدەی ئەهلی ژیانی 400 خێزانی پەکخستووە و دوو مانگە لە تاریکی و گەرمایەکی تاقەتپڕوکێندا دەژین. دانیشتووانی گەڕەکەکە دەڵێن ژیانمان نەماوە و بەساڵاچووان و نەخۆشەکان لە دۆخێکی تەندروستیی خراپدان.
نزیکەی دوو مانگە ژیانی دانیشتووانی ئەم گەڕەکە بەهۆی سووتانی مۆلیدەکەیانەوە سەراوژێر بووە. ئەکرەم بانیمارانی، خانەنشینێکی نیشتەجێی گەڕەکەکەیە و بە رووداوی راگەیاند: "لە بێکارەباییدا هاتوومەتە کۆڵان، هاوژینەکەشم لە حەوشە پاڵی داوەتەوە و نازانم ماوە یان نا. پارچە مقەبای کۆنمان کۆکردووەتەوە و باوەشێن لە خۆمان دەکەین."
پەیام یەعقووب، کە کابانێکی ماڵە دەڵێت: "ئەوندە گەرمە هەر بەس دەمانەوێت زوو کارەبا بێتەوە تاوەکو شتێک شەحن بکەینەوە یان مزەخەیەک لێبدەین ئاو بۆ تانکییەکان بڕوات."
چیرۆکی ئەحمەد؛ شەڕی شێرپەنجە و گەرما ئەحمەد مستەفا، یەکێکی دیکە لە دانیشتووانی گەڕەکەکەیە کە شەش ساڵە دەستەویەخەی نەخۆشیی شێرپەنجەی کۆڵۆنە. ئەو لەبەر بێکارەبایی و گەرما، سێ کاژێرە لە کۆڵان دانیشتووە و دەڵێت: "کارەبامان نییە و مۆلیدەمان سووتاوە، بەم نەخۆشییەوە لەم گەرمایەدا هاتوومەتە دەرەوە، تەنیا خودامان هەیە."
سەرۆکی ئەنجوومەنی مۆلیدە ئەهلییەکانی هەولێر، هۆکاری کێشەکە بۆ پچڕانی کارەبای نیشتمانی لە دوای کێشەکەی کۆرمۆر دەگەڕێنێتەوە کە بووەتە هۆی سووتانی کێبڵ و مۆلیدەکە. ئەو بە رووداوی راگەیاند: "خاوەن مۆلیدەکەمان بانگ کردووە و بە شێوەیەکی فەرمی بەڵێننامەی پڕکردووەتەوە کە تاوەکو رۆژی شەممە مۆلیدەکە و کێبڵەکان بەتەواوی نۆژەن بکاتەوە و کارەبا بۆ گەڕەکەکە بگەڕێنێتەوە."
لەگەڵ کەمبوونەوەی کاژێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی، مۆلیدە ئەهلییەکان بوونەتە جێگرەوەی سەرەکی، بەڵام پەککەوتنی هەر مۆلیدەیەک لەم وەرزەدا، سەدان خێزان رووبەڕووی دۆخێکی مرۆیی سەخت دەکاتەوە.

