رووداو دیجیتاڵ
لە بەردەوامیی هێرشەکانی ئەمریکادا بۆ سەر ئێران، شاری پیرانشار لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆردوومان کرا. بە گوێرەی زانیارییەکان، بارەگای ئەرتەشی ئێران لە شارەکە کراوەتە ئامانج.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 24ی تەممووزی 2026، میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، دەنگی چەند تەقینەوەەیکی بەهێز لە شاری پیرانشار بیستراوە.
حامید سەفاری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆنتڕۆڵی قەیرانی پارێزگای ورمێ هێرشەکەی سەر پیرانشاری پشتراستکردەوە و رایگەیاند، هێرشەکە بەیانیی ئەمڕۆ کاژێر 09:00 کراوە و ناوچەیەک کراوەتە ئامانج، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو.
بەگوتەی حامید سەفاری، هێشتا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانە گیانییەکان نییە، بەڵام لە هێرشەکەدا زیان بە چەندین ئۆتۆمبێلی نزیک لە شوێنی بۆردوومانەکە گەیشتووە.
میدیا خۆجێیەکان باس لەوە دەکەن، بارەگای ئەرتەشی ئێران لە نێو شاری پیرانشار بۆردوومان کراوە و دەنگی چەند تەقینەوە لە نێو بارەگاکە بیستراوە. هاوکات گرتەڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتە کە تێیدا دەردەکەوێت، لە دوو شوێن لە نێو بارەگاکەی ئەرتەش، دووکەڵ بە ئاسمانی ناوچەکەدا بەرزدەبێتەوە.
بە گوێرەی ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی و میدیای فەرمیی ئێران، لە 24 کاژێری رابردوودا چەند خاڵێک لە نزیکەی 20 شاری ئەو وڵاتە کراونەتە ئامانج.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، بۆ 13ـەمین رۆژ لەسەریەک هێرشیان کردووەتە سەر ئێران و شەپۆلێکی دیکەی هێرشەکانیان بە سەرکەوتوویی تەواو کردووە.
لە بەرامبەردا هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش بە پاساوی زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بەردەوام بن لە هێرشەکانیان بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە.

