رووداو دیجیتاڵ
لە بەردەوامیی هەڵمەتەکانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە کەرکووک، هێزێکی ئاسایشی نیشتمانی دوو بەرپرسی پێشووی کەرتی ڤێتێرنەرییان دەستگیرکرد. بەرپرسەکان تۆمەتبارن بە ساختەکردنی نووسراوی فەرمی و بەهەدەردانی سامانی گشتی.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، دەستگیرکراوەکان پێکهاتوون لە بەڕێوەبەری پێشووی ڤێتێرنەری کەرکووک و بەرپرسی پێشووتری هۆبەی ڤێتێرنەری ناحیەی شوان (سەر بە حکومەتی فیدراڵ). هێزەکەی ئاسایشی نیشتمانی لەسەر بنەمای چەندین بەڵگە و دۆسیەی گەندەڵی جوڵاونەتەوە مەترسییان لەسەر ئەو کەسانە دروستکردووە دەستیان لە بەهەدەردانی سامانی گشتیدا هەیە.
تۆمەتەکان و زیانە داراییەکان
سەرچاوەیەک لەبارەی وردەکاریی تۆمەتەکان بە رووداوی راگەیاند، چەندین تۆمەت لەسەر ئەو دوو بەرپرسە ساغ بوونەتەوە، لەوانە: "ساختەکردنی نووسراوی فەرمی، بەهەدەردانی بڕی 75 ملیۆن دیناری مانگانە و تێوەگلان لە دۆسیەی هێنانی نایاسایی ئاژەڵی سووری."
سۆزان شوانی، بەڕێوەبەری ئێستای هۆبەی ڤێتێرنەری ناحیەی شوان (سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان) بۆ رووداو قسەی کرد و روونی کردەوە: "ئەو کەسەی دەستگیرکراوە، بەرپرسی ڤێتێرنەری (سەر بە حکومەتی عێراق) بووە. پێشتر چەندین جار ئاگادار کراوەتەوە لەسەر پرسی گەندەڵی، دواجار کارەکە گەیشتە ئەوەی دۆسیەکەی بدرێتە دەستپاکی و دەستگیر بکرێت."
گلەیی ئاژەڵداران و جووتیاران
دەستگیرکردنی ئەو دوو بەرپرسە دوای زنجیرەیەک سکاڵا و گلەیی خاوەن کێڵگە ماسی و پەلەوەرەکان و ئاژەڵداران دێت. عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت: "جووتیارەکان گلەیی زۆریان لەسەر ئەم دوو بەرپرسە هەبووە، ئێمەش چەندین جار نووسراومان ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەن کردووە."
سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەڵمەتە ترسێکی خستووەتە دڵی گەندەڵکارانەوە و گوتی: "هیوادارین ئەم هەڵمەتە بۆ هەموو فەرمانگەکانی دیکەش شۆڕ ببێتەوە."
هەڵمەتی بەرەبەیان بەردەوامە
ئەم دەستگیرکردنانە لە چوارچێوەی "هەڵمەتی بەرەبەیان"دایە بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی لە پارێزگای کەرکووک. تاوەکو ئێستا لە چوارچێوەی ئەم هەڵمەتەدا، شەش کارمەندی خاڵی گومرگی دارەمان و ئەم دوو بەرپرسەی ڤێتێرنەری دەستگیرکراون. بەپێی زانیارییەکان، چەندین دۆسیەی دیکەی گەندەڵی هەڵدراونەتەوە و لێکۆڵینەوەیان تێدا دەکرێت.


