رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای خانەقین و دەوروبەری، نزیکەی پێنج هەزار هاونیشتمانی ماوەی شەش ساڵە رووبەڕووی کێشەیەکی گەورەی یاسایی و کارگێڕی بوونەتەوە، وڵاتینامەکانیان (رەگەزنامە) سڕ کراوە و بەو هۆیەوە لە سەرەتاییترین مافەکانی وەکو دامەزراندن، هاوسەرگیری و دەرهێنانی ناسنامە بۆ منداڵەکانیان بێبەش بوون.
هایدە مەجید، یەکێکە لەو گەنجانەی قوربانیی ئەم کێشەیەیە. ئەو یەکێک بووە لە خوێندکارە یەکەمەکانی سەر ئاستی هەرێمی کوردستان و خەونی بە دامەزراندنەوە دەدی، ئێستا نەک هەر دانەمەزراوە، بەڵکو وڵاتینامەکەشی لێ زەوت کراوە.
هایدە دایکی خەڵکی باشوور و باوکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە، پێشتر لەسەر بنەمای وڵاتینامەی دایکی، ناسنامەی عێراقی بۆ دەرکرابوو، بەڵام شەش ساڵە لێی وەرگیراوەتەوە. ئەو بە رووداوی گوت: "خۆم لە یەکەمەکان بووم، بەڵام دەرفەتی ئەوەم نەبووە دابمەزرێم. بەهۆی نەبوونی وڵاتینامەوە رووبەڕووی چەندەها کێشەی تر بوومەتەوە."
"نە پاسپۆرتمان بۆ دەکرێت، نە گرێبەستی هاوسەرگیری"
کێشەی سڕکردنی وڵاتینامە لە گەرمیان و بەتایبەت لە خانەقین، لە ژانێکی کەسییەوە گۆڕاوە بۆ دیاردەیەکی بەرچاو ژیانی هەزاران خێزانی پەکخستووە.
محەممەد محەممەدی، مامۆستایەکە لە خانەقین و یەکێکە لەو کەسانەی هەمان کێشەی هەیە، دەڵێت: "چونکە کارتی نیشتمانیمان نییە، نە پاسپۆرتمان بۆ دەکرێت و نە منداڵەکانمان رەسمی دەکرێن. ئەگەر کوڕێکمان ژن بهێنێت، دادگا گرێبەستی هاوسەرگیری بۆ ناکات و لە هیچ فەرمانگەیەکیش دانامەزرێین."
هۆکاری کێشەکە چییە؟
سەرچاوەی کێشەکە بۆ دەستگیرکردنی کارمەندێکی بەڕێوەبەرایەتیی باری شارستانیی خانەقین دەگەڕێتەوە، بەهۆیەوە گومان لە راست و دروستیی مامەڵەی نزیکەی پێنج هەزار هاونیشتمانی دروست بووە.
سروە محەممەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەو بارەیەوە بە رووداوی راگەیاند: "زیاد لە 10 ساڵە کێشە لە وڵاتینامەی خانەقین هەیە. لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهێندرا و چەند فەرمانبەرێک درانە دادگا. بەو هۆیەوە لیژنەیەک لە بەغداوە هاتووە و ناسنامەی ئەو خێزانانەی 'تەجمید' کردووە، تاوەکو ئێستاش کارەکانیان رایی ناکرێت."
پێشتر سنوورەکان بەم شێوەیەی ئێستا تۆخ نەبوون، کوردستانییانی ئەو ناوچانە پێوەندیی خزمایەتی و تێکەڵاوییەکی زۆریان لە نێواندا هەبووە. ئەمەش وایکردووە بەشێک لە هاونیشتمانییان لەسەر بنەمای ئەو خزمایەتییە و نیشتەجێبوونیان لە ناوچەکە، خاوەنی وڵاتینامەی عێراقی بن، بەڵام ئێستا رێکارە یاساییە توندەکان و ململانێ کارگێڕییەکان، دوای چەندین ساڵ ژیان لەو ناوچانە، ناسنامەی لێ زەوت کردوونەتەوە.


