رووداو دیجیتاڵ
لەسەر داواکاریی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک، سکاڵاکەیان لە دژی محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان دواخرا بۆ مانگی ئابی داهاتوو، ئەوەش لە دوای 11 دانیشتنی دادگەکانی کەرکووک کە لەسەر ئەو سکاڵایە.
11یەمین دانیشتنی دادگە لەبارەی سکاڵای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک لە دژی ئەو جووتیارە کوردە، ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ی تەممووزی 2026 لە دادگەی کەتنی کەرکووک ئەنجامدرا.
محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان بە رووداوی گوت، دادوەری دۆسیەکە لە دادگەی کەتنی کەرکووک پێی رایگەیاندوون، دانیشتنی دادگە لەسەر داواکاریی سکاڵاکارەکە کە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووکە، دواخراوە بۆ 23ی ئاب.
ئەو سکاڵایە تایبەتە بە رووداوەکانی 17ی شوباتی 2025 کاتێک محەممەد ئەمین خەریکی کێڵانی زەوییەکەی بوو، سوپا رێگرییان لێکرد و ئەویش رووبەڕوویان بووەوە.
نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان گوتی: "لە دادگە گوتم، پێمان باش نەبووە دواخستنەکە درێژە بکێشێت، دەبوو لایەنی سکاڵاکار داوای دواخستنی نەکردایە و داوام کرد کە بڕیار لەسەر ئەو سکاڵایە بدرێت."
جووتیارە کوردەکەی کەرکووک بەوە تۆمەتبار کراوە کە گوایە "قسەی نەشیاوی بە سوپا و سەربازەکە گوتووە".
10 دانیشتنی دادگە لەسەر ئەو سکاڵایە لە دادگەی بەرایی کراوە و لەسەر داوای فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان، دۆسیەکە گواسترایەوە بۆ دادگەی کەتنی کەرکووک کە ئەمڕۆ 11ـەمین دانیشتنی بوو.
