رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان رایگەیاند، بە مووشەک کەمپەکانیان لە سنووری ناحیەی سووداش لە پارێزگای سلێمانی بۆردوومان کراوە.
ئەمجەد حوسێن پەناهی، ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی 17-7-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆردوومانەکە بە مووشەکێک بووە و زیانی گیانی نەبووە."
پێش هێرشەکانی سوورداش، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە حەوت مووشەک ناوچەی زرگوێزەڵە و گوندەکانی دەوروبەری بۆردوومان کراون.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕیی کوردستانی ئێران کە بارەگای سەرەکییان لە زرگوێزە رایگەیاند، "نۆ پێشمەرگەمان لە هێرشەکانی ئەمڕۆدا شەهید بوون".
هەر ئەمڕۆ بە هەشت درۆن هێرش کرایە سەر شاری هەولێر. دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند، هێرشەکانی سەر هەولێر زیانی گیانییان نەبووە.
لە شەوی چوارشەممەوە هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووەتەوە، لە ماوەی ئەو 48 کاژێرەدا 25 مووشەک و درۆن ئاراستەی سنووری پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی کراون
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستانی کرد و رایگەیاند، ئەو هێرشانە هەڕەشە لە سەروەریی عێراق دەکەن و دەبنە هۆی ناسەقامگیری.


