ئامادەکردنی: بەناز فازڵ
بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هاوڕێ و کەسانی نزیک، هەڵکەوتی جوگرافیی هەرێمی کوردستان ودۆخی ئابووری و بێکاری، لە گرینگترین هۆکارەکانی زیادبوونی بەکارهێنانی مادە هۆشبەرن.
82٪ی تووشبوان لە نێوان 18-40 ساڵیدان
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16تەممووزی 2026، ئەرکان بیبانی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، زۆربەی ئەو کەسانەی ئالوودە بوون، لە تەمەنی 18 بۆ 40 ساڵیدان، کە نزیکەی 82٪ی بەکارهێنەران و بازرگانانی مادە هۆشبەرە.
بە گوتەی ئەرکان بیبانی، کەم هۆشیاریی کۆمەڵگە لەبارەی مەترسییەکانی مادەی هۆشبەر، یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان. زۆربەی خەڵک لە سەرەتادا نازانن تەنانەت یەکجار بەکارهێنانیش دەتوانێت ببێتە هۆی ئالودەبوون، هەروەها ئاگاداری زیانە تەندروستی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ئەمنییەکانیش نین.
"هەرێمی کوردستان لەسەر رێڕۆی ترانزێتی جیهانیی مادەی هۆشبەرە"
ئەرکان بیبانی ئاماژەی بەوەکرد، زیاتر 90٪ی ئەو کەسانەی دەستگیرکراون، لە رێگەی هاوڕێیان یان کەسانی نزیکیانەوە فێری بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر کراون.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان دەڵێ، هەرێمی کوردستان لەسەر رێڕۆی ترانزێتی جیهانیی مادەی هۆشبەرە. "بۆشایی ئەمنیی لە ناوچە سنوورییەکان و ناجێگیریی بارودۆخی ئابووری، سیاسی و بێکاریش لە هۆکارەکانی دیکەی بڵاوبوونەوەن."
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتییەکە، تەنیا لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، لە ساڵی 2025 دا، 922 کیلۆ و 963 گرام مادەی هۆشبەری جۆراوجۆر دەستی بەسەرداگیراوە. جگە لە 2194 حەبی مادەی هۆشبەر یان دەرمانی کۆنتڕۆڵکراو.
هەروەها لە شەش مانگی یەکەمی 2026 دا، 218 کیلۆ و 953 گرام مادەی هۆشبەر و 1897 حەب دەستی بەسەرداگیراوە. لە هەمان ماوەدا 744 کەس دەستگیرکراون کە 482یان تۆمەتبارن بە کڕین و فرۆشتنی مادەی هۆشبەر و 262 کەسیان بەکارهێنەر بوون.
بە پێی ئامارەکە، 2024 و 2025، ژمارەی دەستگیرکراوان بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانی بە هۆشبەر زیادیکردووە. لە ساڵی 2024 دا 1568 کەس دەستگیرکراون و لە ساڵی 2025 گەیشتووەتە 1708 کەس.
ئەرکان بیبانی گوتیشی: ئەم ئامارانە تەنیا تایبەتن بە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک. "هەر شوێنێک ژمارەی دانیشتووانی زیاتر بێت، بەکارهێنەر و بازرگانی مادەی هۆشبەریشی زۆر دەبێت".
