رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری ناحیەی لەیلانی سەر بە پارێزگای کەرکووک، جووتیارێکی کورد لەلایەن چەند دزێکەوە تەقەی لێکرا و کوژرا، شوانکارەکەشی هاووڵاتییەکی عەرەبە بریندار بوو. برایەکی کوژراوەکەش دەڵێت: "پێشتر هێزە ئەمنییەکانمان ئاگادار کردووەتەوە کە دز دێتە سەرمان، بەڵام رێکاریان نەگرتەبەر."
رووداوەکە لە سنووری گوندی "عوسمان لۆک" لە رۆژهەڵاتی ناحیەی لەیلان روویداوە. دزەکان ویستوویانە گەنمی جووتیارێک بە ناوی ستار جەبار بدزن. لە کاتی هەڵهاتنیاندا، ئۆتۆمبێلی دزەکان لە چاڵێکدا پەکیکەوتووە، کاتێک ستار و شوانکارەکەی هەوڵیان داوە رایانبگرن، دزەکان تەقەیان لێکردوون.
ستار جەبار، باوکی حەوت منداڵ و خاوەنی دوو هاوژینە، لەو رووداوەدا گیانی لەدەستدا. تەرمی ستار بۆ ناشتن براوەتەوە چەمچەماڵ. رێبوار جەبار، برای ستار، بە رووداوی راگەیاند: "پێش ئەوەی تەقەیان لێبکرێت، تەلەفۆنی بۆ کردم، منیش هێزە ئەمنییەکانم ئاگادار کردەوە، بەڵام نەیانتوانی زوو بگەنە شوێنی رووداوەکە. لە پەیوەندیی دووەمدا پێیان گوتم لێیان دراوە و فریایان بکەوین."
خێزانی ستار ئاماژە بەوە دەکەن ئەمە یەکەمجار نەبووە دز بچێتە سەر گەنمەکەیان. رزگار جەبار، برای گەورەی ستار، دەڵێت: "پێشتریش دووجار دزەکان هاتوون بۆ بردنی گەنمەکە، هێزە ئەمنییەکانیشمان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام رێکاری پێویست نەگیراوەتەبەر."
بە گوتەی محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی لەیلان و سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ناوچەکە، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە بکوژەکان زیاتر لە کەسێکن و خەڵکی ناوچەکەن، چونکە بە وردی شارەزای تۆڵەڕێیەکانی ئەو سنوورە بوون. بەڕێوەبەری ناحیەکە گوتیشی: "ستار جەبار شەش فیشەکی بەرکەوتووە و شوانکارەکەش سێ فیشەکی بەرکەوتووە و بریندارە."
ناحیەی لەیلان لە 52 گوند پێکدێت، 20 گوندیان لەژێر کۆنترۆڵی هێزە عێراقییەکان و 15 گوندیش لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی پێشمەرگەدان. گوندەکانی دیکەی ناوچەکە کەوتوونەتە ناو "بۆشایی ئەمنی" نێوان هەردوو هێزەکە، کە بە گوتەی دانیشتووانی ناوچەکە، ئەم بۆشاییە بووەتە هۆی زیادبوونی تاوان و رووداوە ئەمنییەکان.


