رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەڵەبجە رایدەگەیێنێت، وەک پارێزگایەکی نوێ پێویستیان بە بودجە و مامەڵەیەکی جیاواز هەیە و دەڵێت، "وەرەقەیەکی داواکارییەکانمان ئامادە کردووە و دەیدەینە سەرۆکوەزیرانی عێراق."
نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، گوتی: "بریندارانی چەکی کیمیایی و هاووڵاتیان بەدەست کەمیی دەرمان و پێداویستیی پزیشکییەوە دەناڵێنن؛ ئێمە گرفتی جیدیمان لە کەرتی تەندروستی و دابینکردنی ئامێری پزیشکیدا هەیە."
سەبارەت بە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و کەسوکاری شەهیدان، پارێزگاری هەڵەبجە ئاماژەی بەوە کرد، پێویستیان بە زیاتر لە 7 هەزار پارچە زەوی هەیە، بەڵام پڕۆسەکە رووبەڕووی بەربەستی یاسایی بووەتەوە.
نوخشە ناسیح گوتی: "زۆربەی زەوییەکانی هەڵەبجە رەگەزی کشتوکاڵییان هەیە، ئەمەش کاتێکی زۆری دەوێت بۆ کوژاندنەوە و گۆڕینی رەگەزەکەیان. جیا لەوەش بۆ ئامادەکردنی زەوییەکان پێویستمان بە بودجەیەکی تایبەت هەیە کە تائێستا دابین نەکراوە."
لەبارەی ئاوەدانکردنەوەی شارەکە، پارێزگاری هەڵەبجە گوتی، ئێستا 145 پڕۆژەی جۆراوجۆر بە تێچووی 350 ملیار دینار لە قۆناخی جێبەجێکردن و تەندەریندان، کە 4 پڕۆژەیان ستراتیژین، بەڵام کێشەی "نەختینە" بووەتە کۆسپ لەبەردەمیان.
پارێزگاری هەڵەبجە گوتی: "کێشەی نەختینەمان لە بانکەکاندا هەیە و ئەوەش بووەتە هۆی خاوبوونەوەی کارەکان. داواکارین حکومەتی هەرێمی کوردستان جیاوازییەک لەنێوان هەڵەبجە و پارێزگاکانی دیکەدا بکات، چونکە ئێمە پارێزگایەکی نوێین و کەمکوڕییەکانمان زیاتر دیارن."
نوخشە ناسیح رایگەیاند، بڕیارە بەمەبەستی گەیاندنی داواکارییەکانیان سەردانی بەغدا بکەن و گوتی: "پلانمان هەیە چاومان بە سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران و وەزیرە پەیوەندیدارەکان بکەوێت. وەرەقەیەکی کارمان ئامادە کردووە بۆ ئەوەی داواکارییەکانی خەڵکی هەڵەبجە بە حکومەتی فیدراڵ بگەیەنین."

