رووداو دیجیتاڵ
بەرێوەبەری ناحیەی کۆبانێ دەڵێت، پارێزگاری حەلەب دژی ناوی کۆبانێ نییە و ئەوەی هەیە کێشە لە تۆمارە فەرمییەکانی سووریادایە. دەشڵێت بودجەی کۆبانێ کەمە و ناتوانن پڕۆژەی نوێ درروستبکەن.
محەممەد مستەفا، بەڕێوەبەری ناحیەی کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پارێزگاری حەلەب و بەرپرسانی ناوچەکە بە هیچ شێوەیەک دژی ناوی "کۆبانێ" نین و رێز لە داواکاری خەڵکی ناوچەکە دەگرن".
ماوەیەکە ناوهێنانی کۆبانێ بە "عەین عەرەب" لەلایەن دەسەڵاتدارانی حکومەتی سووریا و پارێزگای حەلەبەوە ناڕەزایی هاونیشتمانیانی رۆژئاوای کوردستانی لێکەوتووەتەوە. محەممەد مستەفا دەڵێ، ئەوەی هەیە کێشەی سیاسی نییە و کێشەی کارگێڕی و یاساییە لە تۆمارە فەرمییەکانی دەوڵەتدا.
بەڕێوەبەری ناحیەی کۆبانێ گوتی، لەگەڵ پارێزگاری حەلەب کۆبووەتەوە و داواکاری خەڵکی پێگەیاندووە و ئاماژەی بەوەکرد: "ئەو پێیگوتین خەڵک ناوی کۆبانێی دەوێت، ئێمە بۆچی بڵێین دەیگۆڕین، بۆچی بیگۆڕین؟ ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ خەڵکدا نییە. واتە پارێزگار خۆی ناوی کۆبانێ قبووڵ دەکات و دژی داواکاری خەڵکی ناوچەکە نییە."
بۆچی لە راپۆرتەکاندا بە کۆبانێ دەڵێن "عەین ئەلعەرەب"؟
بەرێوەبەری ناحیەی کۆبانێ ئاماژەی بە کۆبوونەوە لەگەڵ قایمقامی ناوچەی کۆبانێ کرد و گوتی: "قایمقامی ناوچەکە پێیگوتین، کە من خۆم بەرێوەبەری ئێرەم و لای من ئێرە کۆبانێیە، بەڵام لە تۆمارەکانی دەوڵەتدا ناوی بە عەین عەرەب هاتووە و کاتێک بەرێوەبەرایەتی راگەیاندنی حەلەب راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، ئەوان بەپێی تۆمارە فەرمییەکان ناوی عەین عەرەبیان بەکارهێنا، چونکە لە تۆمارە فەرمییەکاندا ناوی کۆبانێ هیچ کاتێک تۆمار نەکراوە، ئەوەش نیگەرانی و ناڕەزایەتی خەڵکی لێکەوتەوە".
لەبارەی گۆڕینی ناوە عەرەبییەکە بۆ ناوە رەسەنەکەی خۆی کە کۆبانێیە لە تۆمارە فەرمییەکانی سووریادا، محەممەد مستەفا گوتی: "بۆ ئەوەی ناوەکە لە تۆمارە فەرمییەکان، شارەوانی و ناسنامەکاندا بگۆڕدرێت، دەبێت داواکارییەکی فەرمی پێشکەش بە وەزارەتی ناوخۆ و ژینگە بکرێت و لەوێوە بڕیار بدرێ".
بەڕێوەبەری ناحیەی کۆبانێ ئامادەیی دەربڕی کە داواکاری فەرمی بۆ راستکردنەوەی ناوی کۆبانێ ئاراستەی حکومەتی سووریا بکات، بۆ ئەوەش داوای کرد، رۆشنبیران، چالاکڤانان و رۆژنامەڤانانی کۆبانێ سەردانی بکەن و داواکاری گۆڕینی ناوەکە واژۆ بکەن.
"یەکخستنەوەی یەکە کارگێڕییەکان کاتی دەوێت"
بەرێوەبەری ناحیەی کۆبانێ لەبارەی یەکخستنی دامەزراوە کارگێڕییەکانی سنوورەکە گوتی، پرۆسەکە کاتی دەوێ و ئەوان رێنماییان داناوە بۆ ئەوەی فەرمانبەران نەبنە قوربانی.
محەممەد مستەفا گوتی: "بۆ ئەوەی کار و بژێوی فەرمانبەران رانەوەستێت و تێکنەچێت، بەڕێوەبەرایەتیی کۆبانێ مووچەکانیان دەدات تاوەکو ئەو کاتەی ناویان لە تۆمارەکانی دەوڵەتدا یەکلایی دەبێتەوە. ئەم پرۆسەیە نزیکەی سێ مانگ دەخایێنێت".
بەڕێوەبەری ناحیەی کۆبانێ ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا دامەزراوەکانی وەکو نانەواخانەکان (فڕن)، ئاش، بەشەخۆراک و ناوەندەکانی گەنم لە ژێر سیستمی نوێدا کارەکانیان دەکەن.
"هیچ بودجەیەک بۆ دروستکردنی پڕۆژە لە کۆبانێ نییە"
محەممەد مستەفا باسی لە بودجەی کۆبانێ کرد و گوتی: "داهاتی شارەوانی ماوچەکە تەنیا لە باج، مۆڵەتی بیناسازی، رسوماتی شارەوانی و بەکرێدانی موڵکەکانی شارەوانی پێکدێت، ئەو پارەیەی کۆدەکرێتەوە، تەنیا بەشی مووچەی فەرمانبەرانی شارەوانی، سووتەمەنی بۆ ئۆتۆمبێلەکانی پاککردنەوە، چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلە تێکچووەکان و چارەسەرکردنی کێشە رۆژانەکانی ئاوەڕۆ دەکات. هیچ بودجەیەکی زیادە لە دەستی شارەوانیدا نامێنێتەوە کە پڕۆژەی نوێی پێ دەستپێبکات."
محەممەد مستەفا گوتی، بەهۆی کەمیی بودجەوە شارەوانی کۆبانێ ناتوانێت بە تەنیا پڕۆژەی گەورەی وەکو قیڕکردنی رێگاکان بکات.
بەڕێوەبەری ناحیەی کۆبانێ ئاماژەی بەوەشکرد، بودجە کەمە و پڕۆژە گەورەکان دوادەکەون، بەڵام بەو مانایە نییە کە کارەکان بە تەواوی وەستابن و شارەوانی رۆژانە کاری پاککردنەوە و خزمەتگوزارییە رۆژانەییەکان بەڕێوەدەبات.



