ئامادەکردنی: محەممەد عەزیز
چەند هاونیشتمانییەک دەڵێن،
کۆمپانیای (جۆبس) لە شاری هەولێر بەناوی هەلی کار، پارەی لێوەرگرتووین و ئاماژە بەوە دەکەن، "فێڵمان لێکراوە و دوو هەفتەیە
چاوەڕێین و تاوەکو ئێستا چەندین کەس سکاڵای یاساییان لەسەر کۆمپانیاکە تۆمار کردووە."
ئەمڕۆ یەکشەممە
12-7-2026 محەممەد فەیسەڵ، یەکێک لەو کەسانەی سیڤی بۆ کۆمپانیای جۆبس ناردووە، قسەی
بۆ تۆڕی میدیای رووداو کرد و گوتی، "ئێمە نزیکەی 15 کەس بووین، بۆ دۆزینەوەی
کار سەردانی ئەو کۆمپانیایەمان کرد، سەرەتا بۆ دروستکردنی سیڤی بۆ هەر کەسێک 7500
دیناریان وەرگرت، گوتیان ئێوە بڕۆنەوە خۆمان کارتان بۆ دەدۆزینەوە و پەیوەندیتان پێوە
دەکەینەوە، بەڵام زیاتر لە دوو حەفتەیە چاوەڕێ دەکەین کارمان بۆ بدۆزنەوە کە چی ئێستا
پێمان دەڵێن هیچ شوێنەک نیە ئێوە کاری لێبکەن".
بە گوتەی محەممەد فەیسەڵ،
"بەشێک لەو کەسانە لە ساڵی 2025ـەوە لەلایەن ئەو کۆمپانیایەوە بەڵێنی دامەزراندنیان
پێدراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچیان بۆ نەکراوە، ئێمە سکاڵامان لەسەر کۆمپانیاکە تۆمارکردووە".
سەرهەنگ سەلاح، بەڕێوەبەری
کۆمپانیای (جۆبس) بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند: "ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە
دەکەن کە ئەوان فێڵ لە خەڵک دەکەن و پارە بە نایاسایی وەردەگرن، دوورن لە راستییەوە،
کۆمپانیای ئێمە نزیکەی دوو ساڵە بە شێوەیەکی فەرمی و یاسایی کاردەکات، و مۆڵەتمان
هەیە".
بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە
گوتی، "ئەوەی روویداوە تەنیا لێک تێنەگەیشتنێک بووە، لەنێوان بەشێک لە گەنجەکان
و کارمەندانی کۆمپانیاکە، ئێستا کێشەکە بە تەواوی چارەسەرکراوە."
سەبارەت وەرگرتنی حەوت
هەزار و 500دینارەکەش گوتی:"تەنیا بۆ رسووماتی راییکردنی مامەڵە و دروستکردنی
سیڤی بووە ".
سەرهەنگ سەلاح گوتیشی:
بەشێک لەو گەنجانەمان خستووەتە سەر کار و، ئەوانەی ماون لە کاتێکی نزیک کاریان بۆ
دەدۆزینەوە، ئەگەر خۆیان بیانەوێت کاربکەن.



