رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی پەیامێکی بەبۆنەی کۆچی دوایی لیندزی گراهام، سیناتۆری ئەمریکی بڵاوکردەوە و دەڵێ، "ناو و هەڵوێستەكانی وەك پشتیوانێكی وەفاداری مافە رەواكانی گەلی كوردستان هەمیشە لە بیرەوەریی خەڵكی كوردستان دا بە بەرزی دەمێننەوە."
رۆژی یەکشەممە 12ی تەممووزی 2026، سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ کۆچی دوایی سیناتۆر لیندزی گراهام پەیامێکی هاوخەمیی لە تۆڕی کۆمەلایەتی ئێکس بڵاوکردەوە.
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا دەڵێ، "زۆر بە داخەوە هەواڵی كۆچی دوایيی دۆستی گەلی كورد سیناتۆر لیندزی گراهامم پێ گەیشت. ناو و هەڵوێستەكانی لیندزی گراهام وەك پشتیوانێكی وەفاداری مافە رەواكانی گەلی كوردستان هەمیشە لە بیرەوەریی خەڵكی كوردستان دا بە بەرزی دەمێننەوە."
هاوکات سەرۆک بارزانی پرسە و سەرەخۆشیی پێشكهش به بنەماڵەی لیندزی گراهام، تەواوی دۆست و ئاشنایانی کردووە و دەشڵێ، "هاوبەشی خەمیانم. رۆحی شاد بێت و ئارامی بۆ خانەوادە و كەسوكاری دهخوازم."
ژیانی سەرەتایی و کاری سیاسیی لیندزی گراهام
لیندزی گراهام لە ساڵی 1955 لە شارۆچکەی سێنتراڵ لە ویلایەتی کارۆلاینای باشوور لەدایکبووە و گەورە بووە. بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕە فەرمییەکەی، دایک و باوکی چێشتخانەیەک و هۆڵێکی یاریی بیلیاردیان بەڕێوە بردووە. ئەو یەکەمین کەسی نێو خێزانەکەی بووە کە توانیویەتی بڕوانامەی زانکۆ (بەکالۆریۆس) بەدەستبهێنێت.
لە ساڵی 1995، گراهام پەیوەندی بە هێزە یەدەگەکانی هێزی ئاسمانیی ئەمریکاوە کرد. وەک لە ماڵپەڕەکەیدا هاتووە، لە کاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان، گراهام ئەزموونی خۆی لە بواری یاسای سەربازیدا بەکارهێناوە.
لە مانگی حوزەیرانی 2015، دوای 33 ساڵ خزمەتکردنی وڵاتەکەی بە جلوبەرگی سەربازییەوە، لە هێزە یەدەگەکانی هێزی ئاسمانی خانەنشین بوو، کە پلە سەربازییەکەی لە کاتی خانەنشینبوونیدا کۆلۆنێل بووە.
گراهام لە ساڵی 2002 وەک ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا هەڵبژێردرا و دواتریش لە ساڵانی 2008، 2014 و 2020 متمانەی دەنگدەرانی بەدەستهێنایەوە و دووبارە هەڵبژێردرایەوە.
پێش ئەوەی بچێتە ئەنجوومەنی پیرانیش، لە ساڵی 1994 وەک ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا هەڵبژێردرابوو. بەمەش بووە یەکەمین بەربژێری پارتی کۆمارییەکان کە لە بازنەی سێیەمی هەڵبژاردنی کارۆلاینای باشوور سەرکەوتن بەدەستبهێنێت لەوەتەی ساڵی 1877ـەوە.
لەسەردەمی کارکردنیدا، لیندزی گراهام هەمیشە وەک کەسایەتییەکی تووندڕۆ لە سیاسەتی دەرەوەدا خۆی نیشان دەدا. ئەو بەردەوام داوای دەکرد ئەمریکا رۆڵی بەهێزی لە دەرەوەی وڵات هەبێت، پاڵپشتییەکی زۆر بەهێزی هاوپەیمانەکانی وەک ئیسرائیل و ئۆکراینای دەکرد، و داوای بەکارهێنانی هێزی سەربازیشی دەکرد کاتێک پێیوابووایە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە مەترسیدان.
لە ساڵی 2016 بۆ ماوەیەکی کورت بەربژێر بوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لەسەر پشکی کۆمارییەکان و هەمیشە لەرێگەی دەرکەوتنە بەردەوامەکانی لە میدیاکان و پڕۆژەیاساکانیەوە، پێگەیەکی دیاری لەنێو خەڵکدا هەبوو.
پشتیوانیکردنی کورد
یەکێک لەو بوارانەی کە گراهام پشتیوانی لێ دەکرد، بە تایبەتی لە کۆتا مانگەکانی ژیانیدا، پرسی گەلی کورد بوو، بەتایبەتی کوردانی رۆژئاوای کوردستان کە هاوپەیمانی ئەمریکا بوون لە تێکشکاندنی داعشدا.
لە کانوونی دووەمی 2026ـدا، گراهام بە هاوبەشی لەگەڵ ریچارد بلوومێنتاڵ، سیناتۆری دیموکراتەکان، پڕۆژەیاسایەکی بە ناوی "یاسای رزگارکردنی کورد" پێشکێش بە کۆنگرێس کرد. ئامانجی ئەم پڕۆژەیاسایە سەپاندنی سزا بوو بەسەر بەرپرسانی حکومەتی نوێی سووریا، دامەزراوە داراییەکان و هەر لایەنێکی بیانی، کە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، هەڕەشەیان لە ناوچە کوردییەکان دەکرد.
گراهام چەندین جار جەختی لەوە دەکردەوە کە جێهێشتنی کورد، کە بە هاوپەیمانی سەرەکیی ئەمریکا لە تێکشکاندنی داعش ناوی دەبردن، متمانە و ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لەکەدار دەکات. ئەو هۆشداری دەدا لە ئەگەری هێرشی حکومەتی نوێی سووریا (کە بەلای ئەوەوە نزیک بوو لە تورکیاوە) بۆ سەر کورد و داوای دەکرد رێوشوێنی پاراستنیان بگیرێتەبەر، لەنێویاندا رێگریکردن لە پێشڕەوییەکانی سوپای سووریا بۆ نێو ناوچە کوردییەکان.
لە لێدوانە ئاشکراکانیدا، گراهام جەختی لە پاڵپشتیی هەردوو پارتی سەرەکیی ئەمریکا، دیموکرات و کۆماری، دەکردەوە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە کورد "کۆمەڵکوژ ناکرێن" و داواشی لە وڵاتانی ناوچەکە کرد کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سووریا پەنا نەبەنە بەر تووندوتیژی.
گراهام و هەرێمی کوردستان
سیناتۆر لیندزی گراهام، بە هەمان شێوە پاڵپشتیکارێکی بەردەوامی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو.
لە ساڵی 2015، لەگەڵ پێشڕەوییەکانی داعش، گراهام پرۆژەیاسایەکی هاوبەشی هەردوو پارتەکەی پێشکێش کرد بۆ پێدانی دەسەڵاتی بەپەلە بەمەبەستی پڕچەککردنی هێزەکانی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش.
چەندین جار لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە و داکۆکیی لە هەبوونی پەیوەندییەکی بەهێزی ئەمریکا و کورد لە عێراق دەکرد.
گراهام پێیوابوو کورد لە عێراق هاوبەشێکی گرنگە بۆ بەرقەرارکردنی سەقامگیری لە ناوچەکە، هەروەها بۆ هاوئاهەنگیی بەرەنگاربوونەوەی گرووپە پەڕگیرەکان و بەها دیموکراسییە هاوبەشەکان. ەوە.

.jpg&w=3840&q=75)

