رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لاریان نییە لە دانانی پەیکەر بۆ لیندزی گراهام، سیناتۆری کۆچکردووی ئەمریکا، بەڵام ئەوانەی پێشتر داوای دانانی پەیکەرەکەیان دەکرد، لە داواکەیان نەپرسیوەتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە لیندزی گراهام، سیناتۆری کۆمارییەکانی ئەمریکا گیانی لەدەستدا، نووسینگەکەی رایگەیاند، سیناتۆرە کۆمارییەکە رۆژی شەممە "بە نەخۆشییەکی کتوپڕ" لە تەمەنی 71 ساڵیدا گیانی لەدەستداوە.
گراهام بە یەکێک لە دۆستەکانی گەلی کورد دادەنرێ، لەکاتی ئاڵۆزییەکانی رۆژئاوای کوردستان لە سەرەتای ئەم ساڵ، ئەو سیناتۆرە ئەمریکییە پشتگیریی کوردی دەکرد، بەهۆیەوە 17ـی شوباتی ئەم ساڵ کۆمەڵێک نووسەر و رۆشنبیر داوایان لە پارێزگاری هەولێر کرد، مۆڵەتیان پێ بدرێت پەیکەرێک بۆ گراهام دروست بکەن.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رەزامەندیمان دابوو بۆ دانانی پەیکەرەکە، بەڵام لایەنی بەرامبەر بە فەرمی نەهاتن و داوای دانانی پەیکەرەکەیان نەکرد، ئەگەرنا ئێمە لاریمان نەبووە."
لیندزی گراهام لە چەندین وێستگەدا پشتیوانی کوردی کردووە، بەتایبەتی کوردانی رۆژئاوای کوردستان کە شانبەشانی هێزەکانی ئەمریکا بۆ لەناوبردنی داعش شەڕیان کرد.
لە مانگی کانوونی دووەمی 2026ـدا، گراهام لەگەڵ سیناتۆر ریچارد بلومێنتاڵ پرۆژەیاسای 'پاراستنی کورد'ـیان پێشکێش کرد. ئامانجی یاساکە سەپاندنی سزا بوو بەسەر هەر کەسێک کە هەڕەشە لە ناوچە کوردییەکانی سووریا بکات، ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ گرژییەکانی ناوچەکە و سەرهەڵدانی حکومەتی نوێی سووریا.
گراهام چەندین جار هۆشداریی داوە کە جێهێشتنی کورد — کە بە هاوپەیمانێکی باوەڕپێکراو و ئازای ناودەبردن — زیان بە متمانەی ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەگەیەنێت.
هەروەها کاری کردووە بۆ رێگریکردن لە پێشڕەوییەکانی سوپای سووریا بۆ نێو ناوچە کوردییەکان و جەختی لەسەر هەبوونی پاڵپشتییەکی فراوانی هەردوو پارتە سەرەکییەکەی ئەمریکا کردووەتەوە بۆ پاراستنی کورد لە تۆڵەسەندنەوە. هەڵوێستەکانی دەرخەری بڕوایەکی نەگۆڕ بوون کە دەبێت ئەمریکا پاڵپشتیی ئەو هاوبەشانەی بکات کە لە شەڕی دژی تیرۆردا لەگەڵیدا وەستاون.
سیناتۆر لیندزی گراهام، بە هەمانشێوە پاڵپشتیکارێکی بەردەوامی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو. لە ساڵی 2015، لەگەڵ پێشڕەوییەکانی داعش، گراهام پرۆژەیاسایەکی هاوبەشی هەردوو پارتەکەی پێشکێش کرد بۆ پێدانی دەسەڵاتی بەپەلە بەمەبەستی پڕچەککردنی هێزەکانی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی سەرەخۆشی بۆ کۆچی دوایی لیندزی گراهام، سیناتۆری دیاری ئەمریکا بڵاوکردەوە و بە "دۆستێکی بەنرخی گەلی کوردستان" ناوی برد.
نێچیرڤان بارزانی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسیویەتی، "زۆر خەمبارم بە کۆچی دوایی سیناتۆر لیندزی گراهام، کە دۆستێکی بە نرخی گەلی کوردستان بوو."



