رووداو دیجیتاڵ
محەممەد ئەمین پێنجوێنی، سیاسەتڤان، رایدەگەیێنێت، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا "چەقی بەستووە" و دەڵێت، ئەنقەرە ئەو بەڵێنانەی نەبردووەتەسەر کە لە چوارچێوەی پرۆسەکەدا داویانە. هاوکات داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات، سەردانی تورکیا بکات و بۆ کاراکردنەوەی پرۆسەکە نێوەندگیری بکات.
محەممەد ئەمین پێنجوێنی، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات رایگەیاند: "پرۆسەکە هەتا ئێستا چەقی بەستووە و لە خاڵێکدا وەستاوە. تاوەکو ئێستا دەبووایە پەرلەمانی تورکیا چەند بڕیارێکی یاسایی بدات بۆ ئەوەی چارەسەری پرسی پەکەکە و هێزە چەکدارەکان بکرێت، بەڵام دەوڵەتی تورکیا تاوەکو ئێستا هیچی نەکردووە."
ئەو سیاسەتڤانە ئاماژەی بەوە کرد، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پابەندی بڕیارەکانی بووە و شەڕی چەکداری راگرتووە، بەڵام تورکیا هەنگاوی بەرامبەری نەناوە. پێنجوێنی دەڵێت: "پەکەکە بڕیاری داوە شەڕی چەکداری لەگەڵ تورکیا نەکات و چەک هەڵنەگرێتەوە، ئەمە بۆ ئەوە بوو دڵنیاییەک بدەنە دەوڵەتی تورکیا ئەوان چەکیان ناوێت، بەڵام تورکیا تاوەکو ئێستا هیچی نەکردووە."
پێنجوێنی رەخنەی لە راپۆرتێکی ئەم دواییەی پەرلەمانی تورکیا گرت و دەڵێت: "ئەو راپۆرتەی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا خوێندییەوە، هیچ پەیوەندییەکی بە پرسی پەکەکە، لێبووردنی گشتی و ئازادکردنی ئۆجەلانەوە نەبوو. وشەیەکی باسی چارەسەریی کێشەی کوردی تێدا نەبوو، لە کاتێکدا کە 40 ساڵە شەڕ بەردەوامە و هەزاران کەس لە کورد و تورک کوژراون."
بە بڕوای پێنجوێنی، خاوبوونەوەی پرۆسەکە لەو دۆخەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و گۆڕانکارییانەی هەن، "جێگەی قبووڵ نییە." ئەو دەڵێت: "پەشیمانبوونەوەیەک لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە لە پرۆسەکە و لەو بانگەوازەی بۆ چارەسەری کردیان، دەبینم."
داواکاری لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان
محەممەد ئەمین پێنجوێنی داوای لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد، رۆڵی نێوەندگیری لەنێوان پەکەکە و تورکیادا ببینێت. پێنجوێنی دەڵێت: "داوا لە جەنابی سەرۆکی هەرێم دەکەم، وەکو کەسایەتییەکی نێودەوڵەتی و خاوەن پەیوەندییەکی باش لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا کە رێز لە بۆچوونەکانی دەگیرێت، سەردانێکی تایبەتی بکات بۆ تورکیا و لەگەڵ بەڕێز ئەردۆغان و بەرپرسانی ئەو وڵاتە قسە بکات."
یەکێک لە داواکارییەکانی پێنجوێنی ئەوەیە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، بەپێی "یاسای هیوا" ئازاد بکرێت، ئەو روونیکردەوە "ئەو یاسایە کە یاسایەکی ئەورووپییە و تورکیا پەسەندی کردووە، دەڵێت هەر کەسێک 25 ساڵ لە زیندان تەواو بکات، ئازاد دەکرێت. دەبێت ئەم یاسایە بەڕێز ئۆجەلانیش بگرێتەوە."
هەروەها داوای جێبەجێکردنی بڕیاری دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپای کرد بۆ ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە).
یەکێکی دیکە لەو پرسانەی پێنجوێنی باسی دەکات، چارەنووسی ئەو چەکدارانەیە لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتیدا دەگەڕێنەوە. ئەو دەپرسێت: "ئەو کەسانەی دەگەڕێنەوە چی دەکەن؟ کاریان چی دەبێت و چۆن دەژین؟ ناکرێت تەنیا فۆرمێک لە فەرمانگەی هەواڵگری پڕ بکەنەوە و بێنە دەرەوە. چاوەڕێ بووین راپۆرتەکەی پەرلەمان چارەسەری ئەم پرسانە بکات، بەڵام نەکرا."
محەممەدئەمین پێنجوێنی هۆشداری دا لەوەی ئەگەر تورکیا هەنگاوی کرداری نەنێت، پرۆسەی ئاشتی "مانای نامێنێت." ئەو ئاماژەی بە گۆشەگیرکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد و گوتی: "زیاتر لە مانگێکە گۆشەگیری خراوەتە سەر بەڕێز ئۆجەلان و کەس نەیبینیوە. چۆن دەبێت لە کاتێکدا لەگەڵ رێبەری بزووتنەوەیەک گفتوگۆ دەکەی و پرۆسەی ئاشتیت دەستپێکردووە، رێگە نەدرێت کەس بیبینێت."

