رووداو - دیجیتاڵ
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 22 هەزار پارێزەر هەن، بەڵام تەنیا 436 کەسیان خانەنشین بوون، چونکە خانەنشینی لەم پیشەیەدا ئارەزوومەندانەیە نەک ناچاری. محەممەد ساڵح یەکێکە لە پارێزەرە دێرینەکان و دوای نیو سەدە بەرگریکردن لە یاسا، ئێستا بەرزترین مووچەی سندووقی خانەنشینیی پارێزەران وەردەگرێت.
محەممەد ساڵح ئامێدی، تەمەنی 75 ساڵە و یەکێکە لە پارێزەرە ناسراوەکانی کوردستان. ئەو ماوەی هەشت ساڵە خانەنشین بووە و دەڵێت: "مووچەی مانگانەی من ملیۆنێک و 800 هەزار دینارە، ئەمە بەرزترین مووچەی خانەنشینی پارێزەرانە. یەکێک لە خاڵە باشەکان ئەوەیە کە هەموو مانگێک لە 10ی مانگدا و لە کاتی خۆیدا مووچەکانمان وەردەگرین."
خانەنشینی؛ ئارەزوومەندانە و بە چوار شێواز بەپێی ئامارەکانی سەندیکای پارێزەران، لە کۆی 22,385 پارێزەر لە هەرێمی کوردستان، تەنیا رێژەیەکی کەم خانەنشین بوون. رابەر مەرزانی، نوێنەری سەندیکای پارێزەران لە دەستەی سندووقی خانەنشینی، وردەکاریی شێوازەکانی خانەنشینبوونی بۆ رووداو خستە ڕوو:
1. خزمەتی 25 ساڵ و تەمەنی 63 ساڵ: مووچەکەی ملیۆنێک و 800 هەزار دینار دەبێت.
2. خزمەتی 15 ساڵ و تەمەنی 63 ساڵ: مووچەکەی ملیۆنێک و 80 هەزار دینار دەبێت.
3. کۆچی دوایی: ئەگەر پارێزەرێک کۆچی دوایی بکات، خزمەتەکەی بە 15 ساڵ هەژمار
دەکرێت و مووچەی ملیۆنێک و 80 هەزار دینار بۆ خێزانەکەی دەبڕدرێتەوە.
4. نەخۆشی و پەککەوتن: ئەگەر پارێزەرێک رێژەی پەککەوتنی لە 80% زیاتر بێت، بە
مووچەی 720 هەزار دینار خانەنشین دەکرێت.
داهاتی ئەم سندووقە تەنیا بۆ مووچەی پارێزەرانە و هیچ پەیوەندییەکی بە بودجەی گشتییەوە نییە. داهاتەکە لە رێگەی ئەو بڕە پارەیەوە دابین دەکرێت کە پارێزەران ساڵانە وەک پشکی خانەنشینی دەیدەن، کە بڕەکەی لە نێوان 100 بۆ 450 هەزار دینارە. هەموو داهاتەکەش لە هەژمارێکی بانکیی تایبەتدا دەپارێزرێت و تەنیا بۆ مووچەی خانەنشینان خەرج دەکرێت.
ئاماری پارێزەران لە هەرێمی کوردستان:
- کۆی گشتیی پارێزەران: 22,385 کەس.
- ژمارەی خانەنشینان: 436 کەس.
- بەرزترین مووچە: 1,800,000 دینار.
- کەمترین مووچەی پەککەوتن: 720,000 دینار.
ئەم سیستەمە وایکردووە پارێزەران گەرەنتییەکی داراییان هەبێت بۆ کاتی پەککەوتن یان بەساڵاچوون، بەبێ ئەوەی وەک فەرمانبەرانی دەوڵەت بکەونە ژێر کاریگەریی دواکەوتنی بودجە و مووچەی گشتی.
