رووداو دیجیتاڵ
ئەیلوولی ساڵی 2022 بە بۆمبی دەستکرد هێرشێک کرایە سەر باڵیۆزخانەی ئێران لە دانیمارک. کوردێکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، بە پاساوی ئەو پەلاماردانە دەستگیرکراوە و مەترسی بە زۆر ناردنەوەی بۆ ئێران هەیە، بەڵام تۆمەتەکە رەتدەکاتەوە و دەڵێ: "دروستکراوە و هەر ئاگام لێنییە".
ناسیح سەعیدی، خەڵکی شاری سەقزە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و لە ساڵی 2015ـەوە لە دانیمارک دەژی و مافی مانەوەی هەیە. وەکو خۆی باسی دەکات، وڵاتینامەی ئەو وڵاتەی پێدراوە و چەند کەسێک کە کورد و هاوڕێی خۆی بوون، کێشەیان بۆ دروستکردووە.
ناسیح سەعیدی لە رێگەی تەلەفۆنەوە ئەمڕۆ شەممە بە رووداوی راگەیاند: "ساڵی 2021 کەسێک کە گوترا ئەمریکییە لە بەنزینخانەیەک هێرشی کردە سەرم و بە سەختی برینداری کردم، چونکە بیمەم هەبوو، یەک ملیۆن کرۆنی دانیمارکیم وەرگرت، لە دوای ئەوەوە چەند کوردێک وەکو هاوڕێ خۆیان نزیککردەوە لێم و لە ئەنجامدا کێشەیان بۆ دروستکردم".
ئەو گەنجە کوردە دەڵێت: "هاوڕێکانی خۆم بە فێڵی جیاواز پارەی زۆریان لێوەرگرتم، دواتر هەڕەشەیان دەکرد گوایە کەسوکاریان لە سوپای پاسدارانی ئێران پلەدارن و پارەی زیاتریان پێنەدەم کێشەی گەورەم لە دانیمارک بۆ دروست دەکەن".
ناسیح سەعیدی پێش ئەوەی بچێتە ئەورووپا، لە هەرێمی کوردستان ژیاوە و پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بووە، بەڵام وەکو خۆی دەڵێت، کە چووەتە دەرەوە هیچ پەیوەندییەکی بەو حیزبە کوردییەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانەوە نەماوە.
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت: "9ـی ئەم مانگە چوومە سەرکار تەلەفۆنم بۆ هات لەلایەن پۆلیسی دانیمارکەوە بە زوویی بگەڕێمەوە ماڵەوە، لەگەڵ گەیشتنەوەم بە ماڵەوە هەموو جلەکانیان داکەندم، کەلەپچەیان کردم و بردمیان بۆ بنکەیەکی پۆلیس بۆ لێکۆڵینەوە".
بە گوتەی خۆی، ئاگادار نەبووە کە هۆکار چییە و بۆچی پۆلیس دەستگیری کردووە و دەڵێت: "نووسراوێکی دادگەیان خوێندەوە گوایە دەبێ دەستگیر بکرێم بە تۆمەتی پەلاماردان و سووتاندنی باڵیۆزخانەی ئێران لە دانیمارک، تۆمەتێک کە نە ئاگاداریم و نە هیچ پەیوەندی بە منەوە هەیە".
لە 5ی ئەیلوولی 2022، بە مۆڵۆتۆڤ هێرش کرایە سەر باڵیۆزخانەی ئێران لە کۆپنهاگنی پایتەختی دانیمارک، زیانێکی ئەوتۆی نەبوو. ئەو گەنجە کوردە ئێستا بە پاساوی ئەو هێرشە لەلایەن پۆلیسی دانیمارکەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
ناسیح سەعیدی لە 31ـی ئایاری ساڵی 1994 لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. ناسیح سەعیدی گوتی: "من نەخۆشم و بە دەرمان دەژیم، 9ـی تەمموز لە زیندان دۆخی جەستەیی و دەروونیم تێکچوو، پۆلیس دوای چوار کاژێر راگرتن منیان گەیاندەوە ماڵ و ئازادیان کردم، بەڵام لە ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر گەورەدا دەژیم".
ناسیح سەعیدی پێیوایە، هۆکاری تۆمەتبارکردنی بە پەلاماردانی باڵیۆزخانەی ئێران لە دانیمارک دەگەڕێتەوە بۆ گەنجە کوردەکان کە "بە زۆر و لەژێر هەڕەشەدا" پارەیان لێوەرگرتووە.
ئەو هاونیشتمانییە گوتی: "بەهیچ شێوەیەک ئاگاداری پەلاماردانی باڵیۆزخانەی ئێران نیم، بەڵام مەترسی زۆریان لەسەر دروستکردووم کە مافی مانەوەم لێوەربگرنەوە و بە زۆر بمنێرنەوە بۆ ئێران، لەکاتێکدا بە ناردنەوەم بۆ ئێران گەورەترین مەترسی لەسەر ژیانم دروست دەبێت".
ناسیح سەعیدی داوا لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات، هەرچی لە توانیان هەیە هاوکاریی بکەن و رێگە نەدەن، لەلایەن دانیمارکەوە بە زۆر بنێردرێتەوە بۆ ئێران.
