رووداو - دیجیتاڵ
لەسەر سەربانی کافەیەک لە گەڕەکی منارەی کۆنی هەولێر، 17 هونەرمەند و گەنجی دەستڕەنگین لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە کۆبوونەتەوە و بەرهەمە دەستییەکانیان نمایش دەکەن. ئەم بازاڕە کە ناوی نراوە "بازاڕی سەربان"، هەوڵێکە بۆ دروستکردنی کەشێکی نزیک لە نێوان هونەرمەندان و خەڵکدا.
محەممەد سیروان، یەکێک لە خاوەنەکانی کافەیەکە و رێکخەری بازاڕەکە بە رووداوی راگەیاند: "جگە لەوەی ئێرە کافەیەکە، هەمیشە هەوڵمانداوە بیکەینە شوێنێک بۆ کۆکردنەوەی هونەرمەندان. ئەم بازاڕە بۆ ماوەی دوو رۆژ (هەینی و شەممە) بەردەوام دەبێت و هەرکام لەم گەنجانە بەرهەمەکانی خۆیان بۆ فرۆشتن داناوە."
فەرشی کوردی لەناو تابلۆدا، کاویان کەریمپوور هونەرمەندێکی خەڵکی شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە و پسپۆڕی بواری فەرشە. ئەو کە 16 ساڵە لەم بوارەدا کار دەکات، دوو ساڵە هاتووەتە باشووری کوردستان. کاویان دەڵێت: "ئەو فەرشە کوردییە کۆنانەی کە تێکنەچوون دەیانپارێزم، بەڵام ئەوانەی سووتاون یان زۆر کۆن بوون، دەیانکەمە تابلۆ فەرش. خەڵک زۆر حەزیان لەم ستایلە نوێیەی فەرشی کوردییە."
هێمای 'دەق' لە شێوەی ملوانکەدا سۆلین نێرڤان، هونەرمەندێکی خەڵکی ئاموودێی رۆژئاوای کوردستانە و لە ساڵی 2013ـوە لە هەولێر دەژیت. سۆلین خەونی منداڵیی خۆی کردووەتە راستی و بزنسێکی کاری دەستیی دامەزراندووە. ئەو لە کارەکانیدا سوودی لەو نەخش و "دەق"ـە کوردییانە وەرگرتووە کە داپیرانمان لەسەر دەست و دەمووچاویان کێشاوە و ئێستا بە شێوەی ملوانکە و گوارەی دەستی دروستیان دەکاتەوە.
رەنگی سروشتی لە گوڵ و بەرد شیلان شەعبان، کچە گەنجێکی خەڵکی ئاکرێیە و دەرچووی بەشی بایۆلۆژییە. ئەو لە رێگەی پسپۆڕییەکەیەوە توانیویەتی رەنگی سروشتی بەرهەمبهێنێت. شیلان دەڵێت: "هەمیشە بیرم لەوە دەکردەوە رەنگ لە کوێوە دێت، دوای خوێندن بۆم دەرکەوت زۆربەی رەنگەکان ماددەی کیمیاییان تێدایە، بۆیە بیرۆکەی بزنسەکەم لەوەوە هات کە لە گوڵ و بەرد رەنگی سروشتی دروست بکەم."
