رووداو دیجتاڵ
قاسم تاهیر ساڵح، پەرلەمانتاری ئەڵمانیا لە فراکسیۆنی سەوزەکان بە رووداوی راگەیاند، کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان بڕیارێکی "کارەساتبارە" بۆ ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەو هۆیەوە ماندووبوونی چەندین ساڵە لەدەستدەچێت. بە گوتەی قاسم تاهیر ساڵح، بڕیارەکەی بەرلین بە پرسی هێزەکانی ئەمریکاوە بەستراوەتەوە، چونکە ئەڵمانیا پێیوایە بەبێ ئەمریکا ناتوانێت ئاسایشی هێزەکانی لە ناوچەکەدا مسۆگەربکات.
ئەو سیاسەتڤانە پارتی سەوزەکان کە لە ساڵی 2021ـەوە ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیایە (بۆندستاگ) و بە رەچەڵەک خەڵکی ئیدارە سەربەخۆی زاخۆی هەرێمی کوردستانە، رۆژی هەینی 10-07-2026 بە کەهی مەحموود، ئیدیتۆر لە دێسکی نێودەوڵەتی راگەیاند، بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان دراوە.
قاسم تاهیر ساڵح ئاماژەی بەوە کرد، ئەمڕۆ هەینی، لەسەر داوای پارتی سەوزەکان و پارتی چەپ کۆبوونەوەیەکی نائاسایی دژی بڕیارەکە کرا، بەڵام بڕیاری هاوپەیمانییەکەی پێکهێنەری حکومەت پەسندکرایەوە.
قاسم تاهیر ساڵح تیشکی خستەسەر کاریگەری نەمانی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و گوتی: "بۆ پارتی سەوزەکان، کشانەوەی سوپا لە هەرێمی کوردستان بڕیارێکی کارەساتبارە بۆ دۆخی ئاسایشی تەواوی ناوچەکە، بەتایبەتی لە کاتێکدا جەنگی ئێران بەردەوامە. هەروەها ئەم بڕیارە بۆ کورد و پێکهاتەکانی وەک ئێزدییەکانیش خراپە. بە کشانەوەی سوپا، کار و ماندووبوونی ساڵانی رابردوو بەفیڕۆ دەڕوات."
ئەو سیاسەتڤانە گوتی، حکومەتی ئەڵمانیا رۆژی 15ی ئاب لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی ئەو مەبەستە کۆدەبێتەوە.
بڕیارەکەی ئەڵمانیا پەیوەندی بە بڕیارێکی حکومەتی ئەمریکاوە هەیە کە ئەمڕۆ نێوەڕۆکەکەی لە بەشێکی میدیای ئەڵمانیدا بڵاوبووەتەوە.
گۆڤاری (شپیگڵ) لەو بارەیەوە نووسیویەتی، سوپای ئەڵمانیا رایگەیاندووە، کشانەوەی سوپای وڵاتەکەی پێویستە، چونکە پێنتاگۆن بڕیاری داوە سوپای وڵاتەکەی لەو بنکە سەربازییە نەهێڵێت کە لە هەولێرە و هەربۆیە سوپای ئەڵمانیاش ناتوانێ ئاسایشی هێزەکەی دابین بکات.
ئەو بنکەیەی هێزەکانی ئەمریکای لێیە، سیستمی دژە مووشەک و دژەدرۆنی لێیە و ئەوەش هۆکار بووە بۆ پاراستنی هێزە نێودەوڵەتییەکان، لەوانەش لە کاتی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کە 40 رۆژ بەردەوام بوو.
پێشتر نزیکەی 500 سەربازی ئەڵمانی لە چوارچێوەی ئەرکێکی هاوپەیمانیی ناتۆدا لە هەرێمی کوردستان و عێراق جێگیر بوون.
ئامانجی ئەو هێزانە، رێگریکردن بووە لە سەرهەڵدانەوەی داعش و یارمەتیدانی پاراستنی ئاسایشی عێراق.
هێزەکان بە دیاریکراوی لە هەولێر و بەغدا بوون.
ئەڵمانیا لە ساڵی 2014ـەوە بایی زیاتر لە 3 ملیار یۆرۆ لە بواری ئەمنی و مرۆییدا یارمەتیی عێراق و هەرێمی کوردستانی داوە.


