رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی ئەمڕۆ ئەمریکا و ئێران هێرشیان دژی یەک دەستپێکردەوە، چەند گەشتێکی ئاسمانی لە ئێران راگیرا، بەرپرسانی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و کەرکووک دەڵێن گەشتەکانیان ئاساییە. هەروەها بەگوێرەی ماڵپەڕی فڕۆکەخانە، گەشتەکانی فڕۆکەخانەی جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی بەردەوامە.
ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هیچ کێشەیەک رووینەداوە و گەشتەکانی چوون و هاتن لەکاتی خۆیاندا کراون".
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، خشتەی گەشتەکانی ئەمڕۆ و داهاتوو گۆڕانیان بەسەردا نەهاتووە و ئاسایی بەڕێوەدەچن.
هەروەها بەگوێرەی ماڵپەڕی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی، ئەمڕۆ کاژێر 3:05بەرەبەیان گەشتێک لەکاتی خۆیدا بۆ عەممان کراوە، هەروەها کاژێر 04:47ـی بەیانی گەشتێک بۆ دەوحە کراوە.
بەگوێرەی فڕۆکەخانەی جەلال تاڵەبانی، ئەمڕۆ دوو گەشت لەکاتی خۆیدا گەیشتوونەتە سلێمانی و بڕیارە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دوو گەشت لە فڕۆکەخانەکەوە بۆ بەغدا و دووبەی بکرێن.
هەردی سەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کەرکووک، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گەشتەکانمان ئاساییە و ئەمڕۆ دوو گەشتمان بۆ تورکیا، گەشتێک بۆ دووبەی و گەشتێکمان بۆ سعودیە هەیە".
دوای ئەوەی ئێران و ئەمریکا رۆژی چوارشەممە بۆردوومانی یەکدییان کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە فەرمی رایگەیاند، رێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئێران کۆتایی هاتووە.
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، هێزەکانیان لە گەڕێکی نوێی هێرشەکاندا نزیکەی 90 ئامانجی سەربازییان لە کەناراوەکانی ئێران بۆردومان کردووە.
هەروەها سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە هێرشی مووشەکی و درۆنی تووندیان کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کوێت و بەحرێن.


