رووداو دیجیتاڵ
مێدالیای (ئەستێرەی ئیتاڵیا) بەرزترین رێزلێنانی مەدەنیی ئەو وڵاتەی ئەورووپایە و لەسەر بنەمایەکی یاسایی و دەستووریی ورد دامەزراوە و دەبەخشرێ. ئەم خەڵاتە بەشێکە لە ستراتیژیی دەوڵەتی ئیتاڵیا بۆ بەرەو پێشبردنی پەیوەندییەکانی لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
بناخە دەستووری و یاساییەکان
پرۆسەی بەخشینی ئەم مێدالیایە راستەوخۆ لە مادەی 87ـی دەستووری ئیتاڵیاوە سەرچاوە دەگرێ، کە دەسەڵاتی تەواو دەداتە سەرۆککۆمار بۆ بەخشینی خەڵات و پێزانینە نیشتمانییەکان.
لە ساڵی 2011دا بنەماکانی بەخشینی ئەم مێدالیایە بە گوێرەی یاسا نوێکرانەوە و ئامانجی خەڵاتەکە لە پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوەی دوای جەنگی دووەمی جیهانیی ئەو وڵاتەوە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی گۆڕدران.
گۆڕانکارییە یاساییەکەی ساڵی 2011 یاسا کۆنەکانی ساڵی 1948ی هەڵوەشاندنەوە و مەرسوومی سەرۆکایەتیی ژمارە 221یش رێکارە کارگێڕییەکان دیاری دەکات.
پرۆسەی بڕیاردان؛ لە وەزارەتەوە بۆ کۆشکی سەرۆکایەتی
پڕۆسەی بەخشینی مێدالیاکە بەم جۆرەیە:
- پێشنیاری وەزیر: وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا ناوی بەربژێر یان بەربژێرەکان بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە پێشنیاز دەکات.
- راوێژی ئەنجوومەن: وەزیری دەرەوە لەگەڵ (ئەنجوومەنی نیشانەکان) کۆدەبێتەوە کە لە 5 ئەندام پێکهاتووە.
- مەرسوومی سەرۆکایەتی: ناوی بەربژێر یان بەربژێرەکان بۆ سەرۆکی وڵات بەرزدەکرێتەوە و ئەویش بۆچوونی خۆی دەردەبڕێ و واژۆی دەکات.
ئەم خەڵاتە تەنیا بۆ بواری سیاسی نییە، بەڵکو ڕێزگرتنە لەو کەسانەی لە بوارەکانی زانست، تەکنەلۆژیا، چالاکییە مرۆییەکان، بازرگانی، کولتووری و هونەریدا رۆڵی بەرچاویان هەبووە.
پلەکانی مێدالیاکە
سیستمی رێزلێنانەکە لە پێنج پلەی سەرەکی پێکدێ:
- سوارچاک
- ئەفسەر
- فەرماندە
- ئەفسەری باڵا
- سوارچاکی خاچی گەورە
کێ خەڵاتی سوارچاکی خاچی وەرگرتووە؟
تاوەکو ئێستا ژمارەیەک کەسایەتیی ناسراو و کاریگەر لە بوارەکانی خۆیان ئەم پلەیان وەرگرتووە، لەوانەش:
- ماوریسیۆ ماکری، سەرۆکی ئەرجەنتین لە ساڵانی 2015-2019.
- بۆیکۆ بۆریسۆڤ، سەرۆکوەزیرانی بولگاریا لە ساڵانی 2009-2021.
- جۆش گرین، حاکمی ویلایەتیی هاوایی ئەمریکا لە ساڵانی 2022ەوە.
- شارلین لینێت مۆناک، شازادەی مۆناکۆ لە ساڵی 2011ەوە.
- هۆرست زێهۆفەر، سیاسەتڤانی ناسراوی ئەڵمانیا.
- کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری ناسراوی تۆپی پێ کە 5 جار وەک راهێنەر خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپای بردوەتەوە.
- فێرناندۆ ئەلۆنسۆ، پاڵەوانی فۆرمیولا وەن.
- فرانک سیناترا، هونەرمەندی ئەفسانەیی ئەمریکا.
- گرەیس کێڵی، ئەکتەری ئەمریکی براوەی ئۆسکار.
- فوئاد تەوال، پاتریاکی قودس.
- میونگ-وهون چونگ، مایسترۆ و پیانۆژەنی ناوداری کۆریای باشوور.

