رووداو - دیجیتاڵ
دوای بڕیارێکی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بۆ ئاسانکاریی هاوردەکردنی سووتەمەنی، نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە بەنزینخانەکانی هەولێر 80 دینار دابەزی. شۆفێرانی تاکسی هەرچەندە بەم هەنگاوە دڵخۆشن، بەڵام دەڵێن نرخەکە هێشتا بەرزە و "نیوەی داهاتەکەیان بۆ بەنزین دەڕوات."
رۆژی سێشەممە، نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە زۆربەی بەنزینخانەکانی هەولێر لە 1175 دینارەوە بۆ 1095 دینار دابەزی. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە 2ـی حوزەیرانی 2026، بڕیاریدا رێگە بە هاوردەکردنی بەنزین لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان بدرێت.
"دوو کاژێر لە نۆرەدا دەوەستین" دیار زرار، کە شەش ساڵە شۆفێری تاکسییە، دابەزینی نرخەکەی بە دەرفەت زانی تاوەکو ئۆت مبێلەکەی پڕ بکات لە بەنزین، بەڵام گلەیی لە قەرەباڵخیی نۆرەی بەنزینی حکومی هەیە و بە رووداوی گوت: "دەبێت دوو کاژێر لە نۆرەدا بوەستین، ئەوەش کاتێکی زۆرمان لێ دەکوژێت. نرخەکەش هەرچەندە دابەزیوە بەڵام هێشتا بەرزە؛ ئەگەر رۆژانە 50 هەزار دینار کار بکەین، 25 هەزاری بۆ بەنزین دەڕوات."
زوبێر ئیسماعیل، شۆفێرێکی دیکەی تاکسییە و پێشنیار دەکات نۆرەی تاکسییەکان جیا بکرێتەوە، دەڵێت: "نرخی 750 دینار بۆ خەڵکی ئاسایی باشە، بەڵام بۆ ئێمە کە کارمان لەسەرە، حەز دەکەین نرخەکە بگاتە 450 بۆ 500 دینار."
بەنزینخانەکان: نرخەکان روو لە دابەزینن کارگێڕانی بەنزینخانەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەردەوام دەبن لە هەرزانکردنی نرخەکان ئەگەر سەرچاوەکانی دابینکردنی بەنزین نرخەکانیان دابەزێنن. دانا عەبدولسەمیع، کارگێڕی بەنزینخانەیەک بە رووداوی گوت: "تاوەکو دوو رۆژ پێش ئێستا نرخەکە 1125 دینار بوو، ئەمڕۆ گەیشتە 1095 دینار. ئینشەڵڵا ئەگەر سەرچاوەکان هەرزانی بکەن، ئێمەش زیاتر دایدەبەزێنین."
دۆخی نرخی بەنزین لە هەولێر بە کورتی:
- بەنزینی نۆرماڵ (بازرگانی): لە 1175 دینارەوە بۆ 1095 دینار دابەزیوە.
- بەنزینی پاڵپشتیکراو (حکومی): لیتری بە 750 دینار دابەش دەکرێت.
- هۆکاری دابەزین: رێگەدان بە هاوردەکردنی بەنزین لە پارێزگاکانی عێراقەوە.
شۆفێران لە هەولێر ئێستا چاویان لەسەر ئەوەیە بڕیارەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کاریگەریی زیاتر دروست بکات و لە رۆژانی داهاتوودا نرخەکان بۆ خوار هەزار دینار دابەزن، تاوەکو بارگرانیی سەر شانی شۆفێرانی تاکسی و هاونیشتمانییان کەمتر بێتەوە.

