رووداو دیجیتاڵ
پاشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە مار پۆڵسی سێیەم نۆنا، پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان کرد. لە دیدارەکەدا جەخت لە پاراستنی مافی پێکهاتەکان و قووڵکردنەوەی فەرهەنگی پێکەوەژیان کرایەوە.
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا بارودۆخی گشتیی پێکهاتەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی رەوشی کریستیانەکان تاوتوێ کران.
نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە "کریستیانەکان بەشێکی رەسەن و دانەبڕاوی پێکهاتەکانی گەلی کوردستانن" و وەک هەمیشە پارێزەری مافەکانیان دەبێت، دڵنیاییشی دا کە کوردستان بۆ هەمیشە بەبێ جیاوازی وەک لانە و نیشتمانی تەواوی پێکهاتەکان دەمێنێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، پرسی پاراستنی کولتووری پێکەوەژیان و لێبوردەیی لەنێوان پێکهاتە جیاوازەکان دا گەنگەشە کرا و هەردوولا جەختیان لە گرنگیی قووڵکردنەوەی فەرهەنگی یەکترقبووڵکردن کردەوە. هاوکات کارکردن بۆ فەراهەمکردنی ژیانێکی شایستە بۆ کریستیانەکان لە ناوچەکانی خۆیان و پاراستنی سیمای فرهیی لە هەرێمی کوردستان، وەک یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و نیشتمانی دووپاتکرایەوە، بەو پێیەی ئەو پێکەوەژیانە بە یەکێک لە سیما هەرە جوانەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان دادەنرێت.
لای خۆیەوە، مار پۆڵسی سێیەم نۆنا ستایشی رۆڵی مێژوویی و بەردەوامی هەرێمی کوردستانی کرد وەک پەناگەیەکی ئارام بۆ سەرجەم پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیییەکان. پاتریارکی کلدانەکان سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ نێچیرڤان بارزانی دەربڕی بەرامبەر بەو پشتگیرییە بەردەوامەی لە مافی پێکهاتەکان دەیکات.

