رووداو دیجیتاڵ
زمانی كوردی نەوەک بە قسەی خۆمان، بەڵكو لەسەر ئاستی جیهان وەكو زمانێكی دەوڵەمەند و رەسەن ناسراوە، هەندێک لە خۆرهەڵاتناسەكان لە سەدەكانی پێشوودا هاتوون بۆ كوردستان. لێرە ماونەتەوە و فێری زمانی كوردی بوون، سەلماندوویانە زمانی كوردی یەك لە زمانە رەسەنەكانە و زۆریش دەوڵەمەندە. سەرباری ئەو هەموو ستەمكاریی و گوشارەی دووژمن بۆ سەر نەتەوەی كورد و زمانەكەی، سەرباری قەدەخەكردن و شێواندنی زمانەكە، هێشتا زۆر دەوڵەمەندە، هێندە دەوڵەمەندە بۆ هەر وشەیەک بگەڕێی چەندین هاوواتا دەدۆزیتەوە. یەكێک لەو وشانە، وشەی سمێڵە، لە زمانی كوردیدا، لە زار و بن زارەكاندا چەندین هاوواتای هەیە، بۆ نموونە: "سمێڵ، سمێیل، سمێل، سیمۆڵ، سمبێڵ، سوێڵ، سێوڵ، سمیل، سمێر، زمێل، زمبێل، سبیل، سەبیل، سیوول، سیوەل، سمبڵ، سووێڵ، سیوڵ، سیوەكڵ و برووت".
سمێڵ لەنێو پەند و ئیدیۆم و مەتەڵ و پەیڤەکاندا رەنگی داوەتەوە، نەوەک هەر لە زمانی کوردی و لەنێو کوردەواریدا، بەڵکو گەلێک نەتەوەی دیکە هەن پەند و ئیدیۆم و پەیڤییان لە سەر سمێڵ هەیە. یەکێک لەو پەیڤە باوانەی لەسەر سمێڵ گوتراوە، دەڵێت: "پیاوی بێ سمێڵ وەکو کوپێک چای بێ شەکر وایە". ئەم پەیڤە لە پەیجی نەسیمی بەرەبەیان وەک وتەیەکی ئینگلیزی بڵاوکراوەتەوە. بۆ ساخکردنەوەی ئەو گوتەیە کنە و پشکنینی زۆرم کرد، لە هیچ سەرچاوەیەک وەکو گوتەیەکی ئینگلیزی باس نەکراوە، هەموو سەرچاوەکان وەکو گوتەیەکی بێ ناو ئاماژەیان پێ کردووە. گوتەیەکی بێ خودانە و لە هیچ سەرچاوەیەکدا خاوەنی ئەو گوتەیەم نەدۆزییەوە. گوتە و پەند و مەتەڵ و ئیدۆم لەسەر سمێڵ زۆرن. ئێمە لێرەدا لەبارەی سمێڵ لە پەندی کوردیدا بەنموونە دەهێنینەوە:
نەخازی سمبێلان مەهی.
تف بۆ ئاسمان هەڵ ئەدەم، ئەکەوێتە سەر سمێڵم، بۆ ئەرزی هەڵ ئەدەم ئەکەوێتە سەر ریشم.
سمێڵی چەوركرد، بۆیە بە كەیفە – بەجێی نایەڵێت ئەزانێ حەیفە.
سمێڵ لە ئیدیۆمی كوردیدا:
سمێڵ قیت: سمێڵ بۆق، واتەی مرۆڤی لووتبەرز و لەخۆبایی.
سمێڵ شۆڕ: مرۆڤی بێ ئاكار و بێ ویژدان.
سمێڵ چەوركردن: بەرتیلدان.
سمێڵ تاشین: ریسواكردن.
سمێڵ پووزیاگ، سووتیان، كەسێك نائومێدبێ، دەماخ سووتان.
سمێڵ بابڕ: خەڵك ترسێن، زۆردار، سمێڵ بابڕ شێوازەکەی سمێڵێکی پڕ و گەورەیە، بە جۆرێک لێوی سەرەوە و خوارەوە دادەپۆشێ. هەندێک پێیانوایە سمێڵ بابڕ واتەی سمێڵک دەدات ئەوەندە پڕ و قەبەیە با بڕە، رێگای با بۆ نێو دەم دەبڕێت.
سمێڵ قنج: قیت، واتە دنیا بە دڵی ئەوە.
سمێڵ تێكەڵاو: درۆزنی زل.
سمێڵ فش: بێ غیرەت، پیاوی بێغیرەت.
سمێڵ گووگرە: هەرزەكارێك تازە سمێڵی دەرهاتبێ. لە ناوچەی خۆشناوەتی بۆ سمێڵ گووگرە، سمێڵ سوسنی بەكاردێت.
نووسەری لاو، جێگر بەختیار لە رۆمانی میاودا سمێڵ سوسنی بەکارهێناوە. لە ناوچەی خۆشناوەتی بە سمێڵ گووگرە دەڵێن سمێڵ سوسنی. لە بەیتی چەتۆشدا سمێڵ سوسنی بەکارهێنراوە، ئەو بەیتە یەکێکە لە دەقە فۆلکلۆرییەکانی ناوچەی مەرگە و پشدەر.
سەبارەت بە سمێڵ سوسنی و شێوازەکەی لە بەیتی فۆلکلۆری چەتۆدا هاتووە. لە بەشێکی بەیتەکەدا لە زاری پیرێژنێکەوە کە گازی چەتۆ دەکات دەڵێت: "هۆ هۆ کەرسوارەی حوسێنییە، ببم بە خوڵاما دەست و جەڵەوێ ماندییە، ببم بە خوڵام و خزمەتکاری ئەو سمێڵی سوسنی مینایی جغەی تاوسییە".
وشەی جغە بە واتەی پەڕی سەرباڵی باڵداران دێت، پەڕێکی باریک و تیژی باڵدارەکانە. وەک لە بەیتەکەدا دەڵێت سمێڵی سوسنی مینایی جغە تاوسییە. واتە دروست ئەو شێوازەیە کە لە زمانی عەوامدا پێی دەگوترێ سمێڵ گووگرە، یان سمێڵ بۆر. سمێڵەکە تەنکە و هێشتا پڕ نەبووەتەوە، نێرینەکان لە سەرەتای گەنجێتیدا سمێڵیان تەنکە وەکو باڵی باڵندە.
سمێڵ سۆسەنی: سمێڵ زەرد، بۆ پیاوی سمێڵ زەرد بەکار دێ. دەڵێن سمێڵ سۆسەنییە، لە رەنگی گوڵی سۆسەن.
سمێڵ خنجكە: بسكەی سمێڵ، زەردەخەنەی پیاو.
سمێڵ بڕ: بە كەسێكی ترسێنەر و زۆردار دەگوترێ.
سمێڵ با ئەدا: گومرایە و فیزئەكا، لە خۆبایی .
سمبێل بادان: واتە بەسەر بڵندی دەژی
سمبێل كەتنا دێڤ: خەمگین، ب ئاستەنگیان رە روو ب روو مایین.
سمبێل ل بەر پۆزێ پسكێ نە ژی: واتە مەرج نییە هەركەسێ سمێڵی هەبێ پیاوبێ.
سمبێل ل بەر پۆزێ تە نە: واتە ژ سمبێلێن خوە فەدی بكە.
سمبێل سۆر بوویین: واتە كەسێكی عەگید و جوامێرە.
سمبێلی خوە بادایە و گەرە: واتە وەك مێرخاسان دەژی، جومێرانە دەژی.
سمێڵ وەك جنێویش لە زمانی كوردیدا دەكاركراوە، بۆ نموونە، كورد دەڵێ:
سمێڵ بە گوو: " قوو قوو ئەی ئاغای سمێڵ بە گوو! قەرزی بابم دەوە زوو."
دە سمێڵت تڕم: جنێوێكی ژنانەیە و لە وەرگێڕانی ڕۆمانی حەمەدۆك دا مامۆستا عەبدوڵڵای حەسەن زادە دەكاری کردووە.
مەرگی ئەو سەروسمێڵەت بێ.
سمێڵ لە مەسەلی كوردیدا:
سمبێل ڕەوشا مێرانە.
سمبێل سۆری مال مرتبی.
سمبێل تونە، ئەوی ترێ جەعنیێ تۆرە.
ئاواڵی قەلەندەری لە ڕیش و سمێڵ بێ بەری.
كۆسە چوو بۆ ڕدێنی، سمێڵیشی لەسەر دانا.
ئەگەر هەیبوو بە شەنە و بێڵان، ئەگەر نەیبوو بە كەچكی سمێڵان.
هەروەها سمێڵ لە لێك دراوەكانی ڕستەیی و ئاماڵ ڕستەیی دا دەكار كراوە:
سمێڵی دەڵێی باقەگیایە.
كەوا زەردی سمێڵ یەك موو: مەبەست لە چەڵتووكە، بە برنجێك دەگوترێ هێشتا لە پووشدا بێت و كڕڕە نەكرابێت.
سمێڵ و پێكهاتەكانی لە چاوگ وەرگیراو:
سمێڵ بادان
سمێڵ چەوركردن
لە ڕدێن دەرهێنان و دە سمێڵ كردنەوە
سمێڵ و بسك تێكەڵ كردن: ماچ و ڕامووسان و لێك هاڵانی ژن و پیاو
سمێڵ بۆربوون: تووك لەسەر لێو كەسێك ڕووان، تازە جەوان.
سمێڵ بە كەیفە: مەجازە بۆ پیاوێك كەیف سازە و دڵخۆش بێ.
بزەی سمێڵ: فیكەی سمێڵ، گیڤەی سمێڵ، شاد و بە كەیف بوون، یان دڵخۆشبوونی كەسێك لە كێشە قووتاری بووبێ.
سمێڵ بابڕ: بە پیاوی ترسێنەر و زۆردار دەگوترێت.
بەرسمێڵ: بەشی خوارەوەی سمێڵ لە ئایینی ئیسلامەدا كورت دەكرێتەوە لەبەر ئەوەی دەڵێن جاییز نییە درێژبێتەوە بۆ ناو دەم. لەبارەی بەرسمێڵەوە بەسەرهاتێكی شێخ ڕەزای تاڵەبانی هەیە، دەڵێ جارێكیان شێخ ڕەزای تاڵەبانی لە كۆڵانێكی شاری سلێمانیدا تووشی كچێك دەبێت بە گورجی دەڕوا. شێخ ڕەزا دەڵێ:" كچم هێواش بڕۆ با مقەسەكەت كول نەبێ." كچەكەش دەڵێ:" مامە ئەگەر كولیش بێ بەشی بەرسمێڵی تۆی هەر دەمێنێتەوە."
هەموو ئەم نموونانەی سەرەو لەبارەی سمێڵەوە لە زمانی كوریدا بەڵگەی دەوڵەمەندی زمانی كوردی و گرنگی دانی كوردە بە سمێڵ، لەو سونگەیەوە لەنێو كورددا سمێڵ گرنگە و پیاوان وەك شەقڵی پیاوبوون لێیان ڕوانیوە، ئەمەش وای كردووە چەندین مۆدێل لە سمێڵ لەناو كورددا هەبێ، هەروەك چۆن نەتەوەكانی جیهان چەندین مۆدێلی سمێڵیان هەبووە و هەیە، میللەتی ئێمەش چەندین مۆدێلی سمێڵیان داهێناوە، لێرەدا ئەوەندەی زانیومە و بۆم ساغ بووەتەوە، ناوم هێناون، ئەو مۆدێلانە یان شێوازی
سمێڵ دانانە وەك نموونە دەهێنمەوە. ئەمانەی خوارەوە مۆدێل یان شێوازی داهێنانی سمێڵی كوردین:
سمێڵ بۆر: سمێڵێكی ئاساییە لە گۆشەی لێو دەرناچێ، لە بەشی خوارەوەش ناگاتە سەر لێو، نە زۆر تەنكە و نە زۆر پڕە.
سمێڵ زراڤ: سمێڵێكی باریكە.
سمێڵ شۆڕ: هاوشێوەی سمێڵی ناڵی ئەسپە، بەلای لێودا بەرەو خوارەوە دادەبەزێ.
سمێڵ قەیتان: سمێڵێكی باریك و درێژە و لە سنووری لێو دەرناچێ.
سمێڵ فش: (فڕ) سمێڵێكی زل و لێك بڵاو.
سمێڵ قنج: سمێڵ قیت (بۆق) - سمێڵێكی قووت و مامناوەندە، نە گەورەیە و نە بچووكە - بۆ پیاوی قیت و قۆز بەكار دێ.
سمێڵ چەخماخی: سمێڵێكی تیژ و باریكە، ڕاست و چەپ، دوو چەمسەرەكەی بۆ سەرەوە هەڵگەڕابێتەوە. یەکێک لەو پیاوانەی سمێڵی بەم شێوازە داناوە، مەحموود حەمەمراد دانیکەشییە. مەحموود حەمەمراد، ناسراو بە مەحموود دانیکەشی یەکێک بووە لە چەکدارەکانی عەتاکەل و لە هەڵاتنی بەندینخانەی سلێمانی بەشداربووە. سەبارەت بە ئازایەتی و کەڵەمێردی ئەو پیاوە و سمێڵە چەخماخەکەی شاعیر مەلا کەریم ناسراو بە خەمبار شیعرێکی بۆ پاڵەوانی میللی مەحموود حەمەمراد دانیکەشی و سمێڵە چەخماخەکەی نووسیوە. دەقی شیعرەکەیە:
مەحموود حەمەمراد'دانیکەشی' یی بوو
پیاوبوو لە ژینا، مەردیی بەشی بوو
پاڵەوانێک بوو سمێڵ چەخماخی
لە ناو دڵ خەڵکا دەرناچێ یادی.
سمێڵ بادایی. ئەم جۆرە سمێڵە لە ناوچەی سۆران پێی دەڵێن سمێڵ پاڵە. شێوازەكەی بەو جۆرەیە نە زۆر گەورەیە و نە زۆر بچووكە و ڕاستوچەپ گۆشەكانی تۆزێك بادراوە، بەڵام زۆرنا، تۆزێك لوول دەكرێ.
سمێڵ باران: هاوشێوەی سمێڵ باداییە، بەڵام جەمسەرەكانی زیاتر بادراوە بەرەو سەرەوەی ڕوخسار.
سمێڵ گەرگەریی: هاوشێوەی سمێڵ قەڵەمییە، بەڵام لە ناوەڕاستی لێوەوە بەینەكەی دەتاشن، دەتوانین بڵێن دوو هێڵی باریك و تەنكە بە ڕاست و چەپی لێوەوە.
سمێڵ پەڕەسێلکە: ستایلێکە لە سمێڵ، ئەم شێوازە لە سمێڵ لە هیچ فەرهەنگ و کتێبێکدا زانیاری لەسەر نییە، لەنێو عەوامدا وای پێدەڵێن. شێوازەکەی بەو جۆرەیە سمێڵەکە لەبن لووت دەست پێدەکات تا سەر لێوە.
سمێڵ گوستیل: هاوشێوەی سمێڵ بارانە، بەڵام كەمێك قەڵەوترە و جەمسەرەكانی تەواو لوول دەكرێ و زیاتر لە سمێڵ باران بەرەو سەرەوەی رووخسار قەوس دەكرێتەوە، بە جۆرێك وەك دوو مستیلە لەسەر ڕوخسار دەردەكەون. لەبەرئەوە پێی دەگوترێت سمێڵ گوستیل. یەکێک لەو پیاوانەی سمێڵی بە مۆدێلی گوستیل داناوە، بەدر شەبابۆڤە، شەبابۆڤ سیاسەتمەدار و تێکۆشەرێکی ناوداری کوردستانی سووربووە، ئەم پیاوە ڕۆڵی گەورەی لە پێشخستنی کوردستانی سوور هەبووە و هاندەر و پشتیوانی ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسەکانی ئەو بەشەی کوردستان بووە، دوای هەڵوەشانەوەی کوردستانی سوور دەستاڕی ستالین ئەویشی هاڕی.
سمێڵ ژووژی: تا ئەندازەیەك پڕ و بڵاوە، مووەكانی وەك دڕكی ژووژی–ژیژك. ڕەق و تیژ بە ئاڕاستەی بەشی خوارەوەی ڕوخساردا بڵابوونەتەوە.
سمێڵ مووچ: بەشی سەرەوەی ئەملاو ئەولای سمێڵەكە یەک تۆز كورت دەكرێتەوە، جەمسەرەكانی تۆزێك لوول و بڵیندە.
سمێڵ نڤشت: هاوشێوەی سمێڵ مووچە، بەڵام جەمسەرەكانی بە ڕێكی تا سەر لێو هاتووە، تا ئەندازەیەك شێوەیەكی هەڕەمی هەیە.
سمێڵ پالك: سمێڵێكی پڕ و گەورەیە و جەمسەرەكانی تۆزێك بەرزە.
سمێڵ پیژ: سمێڵێكی درێژە، نە زۆر ئەستوورە و نە زۆر باریكە، جەمسەرەكانی ڕاستەوڕاست بەلای ڕوومەتدا خەتیان كێشاوە.
سمێڵ قەیتان: لە سمێڵ قەڵەمی ئەستوور ترە، هاوشێوەی قەیتان قەوسە یان شەپۆلێكی تێدا دروست دەكەن و بە ئاڕاستەی خوارەوەی لێودا خەتی كێشاوە.
سمێڵ سڤنك: هاوشێوەی سمێڵی پشیلەیە، بەڵام كەمێك پڕە.
سمێڵ تاپان: سمێڵێكی قەڵەو و پڕە، بەڵام لە سنووری لێو دەرناچی.
سمێڵ تووژ: تا ئەندازەیەك هاوشێوەی سمێڵ مووچە، بەڵام جەمسەرەكانی درێژتر و زیاتر لوول دەكرێن.
سمێڵ خشتك: كەمێك پان و درێژە، بەرەو لای گوێچكەوە بەڕێكی درێژ دەبێتەوە.
سمێڵ زەیتوون. سمێڵ فڵچەی ددانە، هاوشێوەی سمێڵی هیتلەری.
سمێڵ نیمەڕوو، نیوەڕوو، سمێڵێكی تەنكە، یان بە كەمی ڕواوە، مووەكانی لاوازبێ.
تێبینی: ئەم بابەتە بەشێک لە توێژینەوەیەکی نووسەر "مەحموود نەجمەدین"ـە لە بارەی سمێڵەوە، بڕیار وایە لە ئایندەدا لە دووتوێی کتێبێکدا چاپ بکرێت.


