رووداو دیجیتاڵ تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی، هۆشدارییان داوەتە دادگەی سلێمانی ئەگەر لە ماوەی 24 کاژێری داهاتوودا دۆسیەکەی نەگوازرێتەوە بۆ هەولێر، سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمار دەکەن. رۆژی پێنجشەممە، 2ـی تەممووزی 2026، دانا تەقیەدین، یەکێک لە پارێزەرەکانی لاهوور شێخ جەنگی بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "چەندین جار هەوڵمانداوە بە یاسا دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی بگوازینەوە بۆ هەولێر، بەڵام دادگەی سلێمانی رەتیکردووەتەوە؛ بۆیە ئاگادارکردنەوەمان پێداون ئەگەر رێگە نەدەن دۆسیەکە رێکاری یاسایی خۆی وەربگرێت، ئەوە تیمی پارێزەران لە دادگەی پێداچوونەوە (تەمیز) سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکەن." ژمارەیەک پارێزەر لە شاری سلێمانی رایدەگەیێنن، دەیانەوێت ئاگادارکردنەوە بۆ دادگەی سلێمانی بنێرن، بەڵام بەهۆی "دەستێوەردانی لایەنی دەستڕۆیشتوو"، فەرمانگەکانی دادنووس رەتیدەکەنەوە ئاگادارکردنەوەی یاسایی ئاراستەی سەرۆکایەتیی دادگای تاوانەکان بکەن. پارێزەران هۆشداری دەدەن کە ئەگەر لە ماوەی 24 کاتژمێر دا سکاڵاکەیان یەکلا نەکرێتەوە، بەپێی مادەی 286ـی یاسای دادبینی، سکاڵا لەسەر خودی دادوەرەکان تۆمار دەکەن. بەپێی راگەیێندراوی تیمی پارێزەران، چوار پارێزەری سلێمانی (سامان حەمە ئەحمەد، سالار سەردار مەحموود، ئاریان بورهان سلێمان و ژینۆ ئیبراهیم کەریم) ئاگادارکردنەوەیەکیان ئاراستەی سەرۆک و ئەندامانی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی کردووە. تێی دا هاتووە، لە 31-5-2026 سکاڵای ژمارە 7ـیان دژی سەرۆکایەتیی دادگای تاوانەکانی سلێمانی/2 تۆمار کردووە، بەڵام دادگا "بەبێ پاساوی یاسایی خۆی دەپارێزێت لە یەکلاکردنەوەی سکاڵاکە." پارێزەران ئاماژە بەوە دەکەن، کاتێک ویستوویانە لە رێگەی فەرمانگەکانی دادنووسەوە ئاگادارکردنەوەی فەرمی (ئینزار) ئاراستەی دادوەرەکان بکەن، رێگرییان لێ کراوە. بەپێی بەڵگەنامەکە، هەریەکە لە دادنووسی یەکەمی سلێمانی، دادنووسی بەکرەجۆ و دادنووسی دووەمی سلێمانی، رەتیان کردووەتەوە ئەرکە یاساییەکانیان جێبەجێ بکەن. لە نووسراوی پارێزەرەکان دا هاتووە: "پێیان راگەیاندین کە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نەناسراویان پێ گەیشتووە لەلایەن نەیاری دەستدرێژیکار، کە نابێت هیچ ئاگادارکردنەوەیەک ئاراستەی هیچ کام لە دادوەرەکان بکرێت." مادەی 286؛ چەکێکی یاسایی دژی دادوەران ئەم هەنگاوەی پارێزەران پاڵپشتە بە مادەی 286 لە یاسای دادبینی شارستانی عێراقی ژمارە 83ـی ساڵی 1969. ئەم مادەیە رێگە بە هاووڵاتییان و پارێزەران دەدات سکاڵا دژی "دادوەران و ئەندامانی داواکاری گشتی" تۆمار بکەن ئەگەر تووشی هەڵەیەکی یاسایی گەورەبن، یان بێلایەنیی خۆیان لەدەست بدەن، یان "خۆیان بپارێزن لە بڕیاردان و رەتی بکەنەوە دادپەروەری بەدی بهێنن." مەرجی سەرەکیی ئەم مادەیە ئەوەیە کە دەبێت 24 کاتژمێر پێش تۆمارکردنی سکاڵاکە، ئاگادارکردنەوەی فەرمی لە رێگەی دادنووسەوە بگاتە دەست دادوەرەکە بۆ ئەوەی بڕیار لە کەیسەکە بدات، بەڵام پارێزەران دەڵێن ئەو دەرگایەشیان لێداخراوە. شەوی 22ـی ئابی 2025، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی، کە پێکهاتبوون لە هێزەکانی دژە تیرۆر، ئاسایش و کۆماندۆ، دوای ئەوەی لاهوور شێخ جەنگی رازی نەبوو خۆی رادەست بکات، هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار. دوای سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و ئەندامانی هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی دەستگیر کران. رۆژی 12-1-2026، بۆ یەکەم جار لاهوور شێخ جەنگی برایە بەردەم دادوەر لە دادگەی سلێمانی، بەڵام دادوەر بڕیاری کۆتایی لە دۆسیەکەی نەدا و رایگەیاند، بۆ وردبینی دۆسیەکە رەوانەی دادگەی تێهەڵچوونەوەی هەرێمی کوردستان لە هەولێر دەکرێت. بەڵام نزیکەی 6 مانگە تاوەکو ئێستا رێگەیان نەداوە کە دۆسیەکە بگوازرێتەوە بۆ هەولێر.