رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، لە بەغدایە بە مەبەستی یەکلاییکردنەوەی سێ دۆسیەی گرنگ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، کە بریتین لە یەکسانکردنی ماف و ئیمتیازاتی زیندانیانی سیاسی، چارەسەرکردنی پرسی کەسوکاری شەهیدان و هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان. وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان رایدەگەیێنێت: گفتوگۆکان قۆناخی باشیان بڕیوە و هەنگاوی کرداری بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نراوە.
یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی سەردانەکەی شاندی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆکردن بووە لەبارەی هاوتاکردنی ماف و ئیمتیازاتی زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ زیندانیانی سیاسیی عێراق. ئەم پرسە لە ساڵی 2013ـەوە بەهۆی "بارگرانیی دارایی" لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکراوە.
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات لەبارەی سەردانەکەیان بۆ بەغدا رایگەیاند، دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران و دەزگای زیندانیانی سیاسیی عێراق، رێککەوتنی سەرەتایی کراوە و گوتی: "سەرۆکوەزیران سێ لایەنی راسپارد، کە بریتین لە ئێمە (وەزارەتی شەهیدان)، وەزارەتی داراییی عێراق و دەزگای زیندانییانی سیاسیی عێراق، بۆ ئەوەی پێکەوە رێکارەکان یەکلایی بکەینەوە."
بە گوتەی وەزیری شەهیدان، یەکێک لە جیاوازییە سەرەکییەکان لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا، بڕی ئەو مینحەیە کە بە زیندانیانی سیاسی دەدرێت. لە هەرێمی کوردستان 500 هەزار دینارە، لە کاتێکدا لە بەغدا ملیۆنێک و 200 هەزار دینارە، جگە لە ماف و ئیمتیازاتی دیکە.
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود روونیکردەوە، "ئەوەی گرنگە و ماوەتەوە، ئەو کۆبوونەوەیەیە کە لەگەڵ وەزارەتی دارایی دەکرێت بۆ دیاریکردنی چۆنیەتیی تەرخانکردنی بودجە لەسەر بودجەی گشتیی عێراق و جێگیرکردنی لە یاسای بودجەدا."
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 25 هەزار دۆسیەی زیندانیی سیاسی پشتڕاستکراونەتەوە. وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان گوتی: "کێشەمان ژمارە نییە، کێشەمان ئەوەیە کەسەکە بەپێی یاسا شایستە بێت و بەڵگەی هەبێت کە زیندانیی سیاسی بووە."
سەبارەت بە پێدانی زەوی بە زیندانیانی سیاسی، کە یەکێکی دیکەیە لە جیاوازییەکان، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود گوتی: "تەنیا بابەتی زەوی رەنگە جیاوازیمان هەبێت. ئەو زیندانیانەی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمن، لە چوارچێوەی یاساکانی عێراق زەوییان پێدەدرێت، بەڵام بۆ ئەوانەی نێو هەرێمی کوردستان، دەبێت خۆمان زەوییان بۆ دابین بکەین و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی نیشانداوە."
تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی شاندی هەرێمی کوردستان، پرسی کەسوکاری شەهیدان و گۆڕە بەکۆمەڵەکان بووە. لەم چوارچێوەیەدا، شاندەکە لەگەڵ سەرۆکی دەزگای شەهیدانی عێراق کۆبووەوەتەوە.
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، باسی لەوە کرد، لەسەر سێ تەوەر لەگەڵ بەرپرسانی عێراق قسەیان کردووە: "تەوەری یەکەم، لایەنی یاسایی و چۆنیەتیی نزیککردنەوەی یاساکانمان بوو. تەوەری دووەم، خزمەتگوزارییەکانی وەک تەندروستی و خوێندن بۆ کەسوکاری شەهیدان بوو. تەوەری سێیەمیش، پرسی هەڵدانەوە و هێنانەوەی رووفاتی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بوو."
بە گوتەی وەزیری کاروباری شەهیدان، رێککەوتن کراوە کە کۆبوونەوەی زیاتر بکرێت بۆ دانانی رێکارێکی هاوبەش. ئەو گوتی: "رێککەوتین لەسەر ئەوەی ئێمە و ئەوان کۆبوونەوەیەک بکەین، جا لە بەغدا بێت یان ئەوان بێنە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی لەسەر ئەم سێ تەوەرە رێکارێک دابنێین."
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود روونیکردەوە کە هەر رێکارێک لەبارەی دۆسیەی شەهیدانەوە بگیرێتەبەر، دەبێت رەزامەندیی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی لەسەر وەربگیرێت، چونکە ئەو پرسە تەنیا لە دەسەڵاتی وەزارەتی شەهیداندا نییە.
.png&w=3840&q=75)


