رووداو دیجیتاڵ
بەدڵێکی پڕ لە خەم و چاوی فرمێسکاوییەوە، یوسف یونس لە کەناری ئاوی سیروان دانیشتووە و چاوەڕێی هەواڵێکە دەربارەی دۆزینەوەی تەرمی "باوان"ی کوڕی. باوان کە تاقانەی دوو خوشکە، رۆژی هەینی بە مەبەستی گەشتوگوزار چووە ناوچەی سازان، بەڵام لە ئاوەمارێکدا خنکا و تاوەکو ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.
باوان تەمەنی 18 ساڵ بوو، رۆژی هەینی لەگەڵ دوو هاوڕێی بە مەبەستی بەسەربردنی کاتێکی خۆش لە ماڵ چووە دەرەوە، بەڵام گەشتەکەیان گۆڕا بۆ کۆستێکی گەورە. حەسەن عەبدولڕەحمان، یەکێک لە خزمەکانی باوان دەڵێت: "باوان پێش ئەوەی بچێت بۆ گەشتەکە، لە مزگەوتی گوندی بامۆک نوێژی هەینی کردبوو، دواتر لەگەڵ هاوڕێکانی بۆ کەمێک بێتاقەتی رۆیشتبوون بۆ لای چەمی سیروان."
بۆ دۆزینەوەی تەرمەکە، هەڵمەتێکی فراوان دەستیپێکردووە کە تێیدا تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە، فریاکەوتنی سلێمانی، خەڵکی ناوچەکە و تیمێکی غەواسی پرۆفیشناڵ لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە تێیدا بەشدارن.
یوسف یونس، باوکی باوان، سوپاسی هەموو ئەو لایەن و خەڵکە دەکات کە هاوکاریانن و دەڵێت: "ناتوانم پاداشتی ئەو خەڵکە بدەمەوە، مەگەر خوا خۆی بیداتەوە. هیوادارم تەنیا سەرخەوێکمان (تەرمەکە) دەستبکەوێت و نەجاتمان بێت، ئەو خەڵکە بەسەلامەتی بگەڕێنەوە و تووشی هیچ قەدەرێک نەبن."
بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ تیمەکانی گەڕان، پارێزگاری هەڵەبجە پەیوەندی بە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کردووە بۆ گرتنەوەی ئاوی سیروان. نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە رایگەیاند: "کۆماری ئیسلامیی ئێران لە رۆژی یەکەمەوە هاوکارمان بوون. رۆژانە بۆ چەند کاژێرێک ئاوەکەمان بۆ دەگرنەوە. هەروەها تیمێکی مەلەوانیی پرۆفیشناڵ لە کرماشانەوە هاتوون و لە خاڵی سفری سنوورییەوە دەستیان بە گەڕان کردووە بە ئاراستەی خوارەوە، بە ئومێدی ئەوەی تەرمی کاکە باوان بدۆزینەوە."
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە، لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، ئەمە چوارەمین حاڵەتی خنکانە کە تۆمار دەکرێت. تاوەکو ئێستا هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئەو گەنجە بەردەوامن.

