رووداو - دیجیتاڵ
پاش ئەو هەڵوێستە مرۆییەی خەڵکی هەڵەبجە و هەورامان لە کاتی خنکانی کچە کەربەلاییەکە نیشانیاندا، ئێستا کەربەلا بە رێگەی "سەوزایی"یەوە وەڵامی ئەو وەفایە دەداتەوە. حەیدەر ئەلئەکرەم، چالاکوانێکی کەربەلایی، 5 هەزار نەمامی هێناوەتە ناوچەکە تاوەکو وەک دیارییەک لە شەقام و شوێنە گشتییەکانی هەڵەبجە و هەورامان بچێندرێن.
ئەم دەستپێشخەرییە وەک رێزێکە بۆ ئەو نۆ رۆژەی کە خەڵکی ناوچەکە بێوچان و بە خۆبەخشی بەدوای تەرمی روقییەی تەمەن 11 ساڵاندا گەڕان، کە لە 9ی حوزەیرانی رابردوو لە ئاوی زەڵم خنکا و دواتر تەرمەکەیان دۆزییەوە و بە رێزێکی زۆرەوە بەرێیان کردەوە بۆ پارێزگای کەربەلا.
نەمامەکان لە جۆری "ئەلبیزیا"ن، کە بەوە دەناسرێن زوو گەشە دەکەن و سێبەر و جوانییەکی تایبەت بە شەقامەکان دەبەخشن. ئەم دیارییە تەنیا لایەنە مرۆییەکەی نییە، بەڵکو ئامانجێکی ژینگەییشی لەپشتە؛ ئەویش بەرزکردنەوەی رێژەی سەوزاییە لە پارێزگای هەڵەبجە لە 13٪ـەوە بۆ 20٪، کە ئەمە ستانداردێکی جیهانییە بۆ شارەکان.
رەنگین سەلام و عابدین عەبدولرەحمان، کە وەک شارەزا و بەرپرس لە پڕۆسەی چاندنی نەمامەکان بەشدارن، سوپاسی ئەو هەڵمەتە دەکەن و ئاماژەش بەوە دەکەن کە ئەم دارانە گونجاون لەگەڵ کەشوهەوای ناوچەکە و دەبنە سیمبولی هەمیشەیی ئەو رووداوە.
ئەم 5 هەزار نەمامە، لێرە بەدواوە تەنیا سێبەر و جوانی نابەخشن، بەڵکو دەبنە سیمبولیپێکەوەژیان و وەفای نێوان دوو شار، کە خەمێکی هاوبەش پێکەوەی بەستنەوە و ئێستا بەسەوزایی مێژووەکەیان دەنووسنەوە.
.jpeg&w=3840&q=75)

