رووداو - دیجیتاڵ دێنیز ئۆنداڤ، ئەو یاریزانە کوردەی لە رێزەکانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دەدرەوشێتەوە، تەنیا سەرنجی جیهانی بۆ لێهاتووییەکەی رانەکێشاوە، بەڵکو چیرۆکی رەگ و ریشەی، کوردستانی کردووەتە میوانی میدیا جیهانییەکان. رووداو چووتە گوندی "بارزان"ی لە رۆژئاڤای کوردستان و "زەورا"ی لە باکووری کوردستان، کە شوێنی رەسەنی دایک و باوکی ئەو ئەستێرەیەن. لە گوندی بارزان لە نزیک حەسەکە، خزمەکانی دێنیز بە شانازییەوە باس لە "کوڕە کوردەکە" دەکەن. پوورێکی دێنیز کە تاوەکو ئێستا لە ژیانیدا سەیری تۆپی پێی نەکردووە، ئێستا چاو لە شاشەی تەلەفزیۆن هەڵناگرێ تاوەکو بینەری لێهاتوویی کوڕی خوشکەکەی بێت. ئەو بە رووداوی گوت: "ئەو کوڕی خوشکمە، هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ کوڕی خۆم نییە. زۆر پێی دڵخۆشم، خودا بیپارێزێت و سەرکەوتووی بکات. ئەو کورد و ئێمەشی زۆر سەربەرز کردووە." دایکی دێنیز (عەدلا سەلمۆ شێخۆ) خەڵکی گوندی بارزانە کە 11 کیلۆمەتر لە باکووری حەسەکەوە دوورە. ئەو لە ساڵی 1995 لەگەڵ خێزانەکەی کۆچی بۆ ئەڵمانیا کردوو.گوندنشینان دەڵێن سەرەڕای هەوڵی حکومەتەکانی پێشووی سووریا بۆ گۆڕینی ناوی گوندی "بارزان"، بەڵام باپیرەی دینیز و دانیشتووانەکەی هەرگیز رازی نەبوون و ناوەکەیان وەک خۆی پاراست. رەگێک لە وێرانشار و هۆزی 'دەروێشی عەبدی' باوکی دینیز (عادل ئۆنداڤ) کوردێکی ئێزدییە و خەڵکی گوندی "زەورا"یە لە وێرانشاری سەر بە رەها. ئەوان سەر بە هۆزی "شەرکیان"ن (هەمان هۆزی دەروێشی عەبدی). ناوی "ئۆنداڤ" پاشناوێکە کە حکومەتی تورکیا دایناوە. خێزانی باوکی لە ساڵی 1987 بەهۆی دۆخی سیاسی و ئابوورییەوە کۆچیان بۆ ئەڵمانیا کردووە و دێنیز لە ساڵی 1996 لەوێ لەدایکبووە. کاتۆ ئۆنداڤ، مامی دێنیز، چیرۆکی سەختییەکانی گەیشتنی برازاکەی بەو ئاستە دەگێڕێتەوە: "دێنیز لە تەمەنی 10 ساڵییەوە دەستی بە یاری کردووە. زۆر هەژارییان بینیوە، تەنانەت گەیشتە ئەو ئاستەی بیر لە وازهێنان لە تۆپی پێ بکاتەوە تاوەکو یارمەتی باوکی بدات. باوکی لە دوو سێ شوێن کاری دەکرد تاوەکو دێنیز پێشبکەوێت. دێنیز خۆشی لە تەمەنی 14-15 ساڵیدا بە رۆژ کاری دەکرد و دوای کارەکەی دەچوو بۆ یاری." درەوشانەوە لە مۆندیالی 2026 ئێستا دێنیز ئۆنداڤ دوای درەوشانەوەی لە یانەی شتوتگارت، بووەتە پاڵەوانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە مۆندیالی 2026. ئەو بە تۆمارکردنی دوو گۆڵ، ئەڵمانیای گەیاندە قۆناخی 32 و سەرکەوتنی بەسەر هەڵبژاردەی کوراساو (7-1) مسۆگەر کرد. ئەمە یەکەمجارە ئەڵمانیا لە دوای ساڵی 2014ـەوە بتوانێت قۆناخی کۆمەڵەکان ببڕێت. خەڵکی گوندەکەی بە شانازییەوە دەڵێن: "ئەو ناوی ئێمە، گوندەکەمان، ئایینەکەمان و کوردایەتییەکەی لە جیهاندا ناساند. ئێمە سەرمان پێی بەرزە." هەرچەندە دێنیز تاوەکو ئێستا سەردانی گوندی باوباپیرانی نەکردووە، بەڵام دانیشتووانی گوندی "زەورا" دەڵێن چاوەڕێی رۆژێک دەکەن ئەو ئەستێرە کوردە لەسەر خاکی باوباپیرانی ببینن