رووداو - دیجیتاڵ
قەیرانی بژێوی و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، قامشلۆی هەژاند. دەیان
هاووڵاتی دژی نەبوونی خزمەتگوزاری و گرانیی نرخەکان رژانە شەقامەکان و لەنێو
خۆپێشاندانەکانیشدا هاووڵاتییەک بەهۆی خەم و تووڕەیی زۆرەوە تووشی جەڵتەی دڵ
بوو؛ ئێستا هاواری نان و سووتەمەنی لە شارێکدا بڵند دەبێت کە خۆی لەسەر
"دەریایەک نەوت" نیشتەجێیە.
ڤیڤیان فەتاح، پەیامنێری رووداو لە قامشلۆ، خۆپێشاندانەکان
دژی خراپیی دۆخی بژێوی و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بەردەوامن. لە کاتی
ناڕەزاییەکانی رۆژی دووشەممە (22ی حوزەیرانی 2026)، هاووڵاتییەک
بە ناوی "سەعد ئەحمەد عەلی" بەهۆی تێکچوونی باری دەروونی و تووڕەیی لە دۆخەکە،
تووشی جەڵتەی دڵ بوو و بەپەلە گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی چاو و دڵ لە قامشلۆ،
دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەریی قەستەرە، ئێستا دۆخی تەندروستیی جێگیرە.
"لە برسان دەمرین" سەعد ئەحمەد، دوای چاکبوونەوەی لەسەر جێگەی نەخۆشخانە بە رووداوی
گوت: "ئێمە لە برسان دەمرین. 20 هەزار شەهیدمان بۆ پاراستنی شەرەفمان دا، چیتر
ناتوانین دەستبەرداری شەرەفمان بین. چوار رۆژە کارەبامان نییە، هیچ کارێک نییە
و دزی و تاڵانیش زیادی کردووە."
خۆپێشاندەران دەڵێن "دڵی شەقام لە تووڕەییدا دەکوڵێت". یەکێک لە بەشداربووان بە
گریانەوە هاواری دەکرد و دەیگوت: "سێ رۆژە نان نەچووەتە ماڵمان، سوێند بەخوا
نانمان نییە بیخۆین، ئاخر لەکوێی بهێنین؟"
نەوت بۆ دەرەوە و سومەنیش نییە بۆ ناوخۆ یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی تووڕەیی خەڵکی
قامشلۆ، نادادییە لە دابەشکردنی سامانی ناوچەکەدا. خۆپێشاندەرێک بە رووداوی
راگەیاند: "کێشەکە ئەوەیە ئێمە لەسەر دەریایەک نەوت نیشتەجێین، رۆژانە 500 بۆ 600
تانکەر نەوت لەبەردەم چاوی ئێمەوە بەرەو حومس و بانیاس دەڕوات، کەچی لێرە لای خۆمان
مازوت و سووتەمەنی دەستناکەوێت."
خۆپێشاندەرێکی دیکە کە تابلۆیەکی ناڕەزایەتی بەدەستەوە بوو، گوتی: "گرانیی بژێوی لە
سەرووی توانای هاووڵاتییانەوەیە. ئێمە لەبەر هەژاری رژاوینەتە شەقام، ئەوان تاقیمان
دەکەنەوە بزانن کەی ئاراممان نامێنێت. ئاراممان نەما، تەنانەت بەفرگرەی ماڵەکەشمان
بۆ کڕینی نان فرۆشتووە."
سیاسەتکاران لەکوێن؟ ژنێکی بەشداربووی خۆپێشاندانەکە لە گەڕەکی "هەلیلیە" بە
رووداوی گوت: "ئێمە داوای مافی هەژاران دەکەن، نرخی مازوتیان زۆر گران
کردووە." ژنێکی دیکەش بە خەمەوە گوتی: "تاوەکو کەی بێ ماف بمێنینەوە؟
سیاسەتکاران لەکوێن؟ دەبێت ئەوان لەناو خەڵکدا بن تاوەکو هەست بە
ئازارەکانی ئێمە بکەن."
خۆپێشاندەرانی قامشلۆ جەخت لەوە دەکەنەوە کە رۆژانە سەدان تانکەر نەوتی رۆژئاوای
کوردستان بەرەو ناوچەکانی ناوخۆی سووریا دەڕوات، بەڵام دانیشتووانی جەزیرە و
کۆبانێ نە ئاویان هەیە، نە کارەبا و نە سووتەمەنی، ئەمەش وایکردووە ئاستی
ناڕەزاییەکان بگاتە لوتکە.
.jpeg&w=3840&q=75)

