رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان وردەکاریی رێککەوتنێکی نوێی نێوان هەولێر و بەغدای بۆ رووداو ئاشکرا کرد، کە تایبەتە بە دابینکردنی گەرەنتیی ئەمنی بۆ کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت.
رۆژی شەممە، 20ـی حوزیرانی 2026، رێبەر ئەحمەد، لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و شاندی حوکمەتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "شاندێکی سەرۆکایەتیی ئەرکانی عێراق لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، گەیشتوونەتە رێککەوتنێک بۆ ئەوەی گەرەنتی پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان بدرێتە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان. ئەم هەنگاوەش دوای ئەوە دێت کە کۆمپانیاکان داوای گەرەنتییان لە حکومەتی فیدراڵ کردبوو، بەهۆی ئەوەی لە ماوەی رابردوودا چەندین جار هێرشی مووشەکی و درۆنی کرابووە سەر کێڵگەکان."
رێبەر ئەحمەد گوتی:"ئێستا هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بە دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتە، چونکە دۆخی ئابووریی ناوچەکە و عێراق بە شێوەیەکی تایبەت باش نییە. کۆمپانیاکان بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانیان دوو داواکاریی سەرەکییان هەبووە؛ یەکەمیان پاراستنی مافە داراییەکانیان، دووەمیش دابینکردنی گرەنتیی ئەمنی بۆ دووربوون لە هەر هێرشێکی دیکە".
بەگوتەی وەزیری ناوخۆ، ئەم بابەتە دوای سەردانی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا و پەیوەندییە کەسییەکانی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ هاتووەتە ئاراوە، کە تێیدا رێککەوتوون کۆمپانیاکان راستەوخۆ لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ دابنیشن بۆ وەرگرتنی زەمانەتی ئەمنی، ئەویش بەڵێنی پێداون و شاندێکی لە دامەزراوە ئەمنی، هەواڵگری و سەربازییەکانی عێراق پێکهێناوە.
رێبەر ئەحمەد دەڵێت: "پێشتر سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. دواتریش شاندێکی دیکەی مەیدانی نێردران بۆ ئەوەی لە نزیکەوە دیراسەی بارودۆخەکە بکەن". هەروەها گوتی، ئەوان چاوەڕوانی پلانی ئەو شاندەن بۆ چۆنیەتی هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاراستنی کێڵگەکاندا.
وەزیری ناوخۆ باسی لەوەش کرد. کە پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و لە رێگەی وەزارەتی ناوخۆوە جێبەجێ دەکرێت، بەڵام داوای هاوکاری لە حکومەتی فیدراڵ کراوە و ئەوانیش رەزامەندییان داوە، "پێویستە هەڕەشەکان کەم بکرێنەوە تاوەکو پێویست بەو سیستەمە ئەمنییە نەبێت، بەڵام بۆ هاندانی کۆمپانیاکان، بوونی گرەنتی حکومەتی فیدراڵ کارێکی پێویستە".
رێبەر ئەحمەد ئاماژەی وەکرد، هەموو لایەک بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە هاوکار دەبن، چونکە بابەتەکە پەیوەندیی راستەوخۆی بە ژیانی هەموو خەڵکی عێراق و کوردستانەوە هەیە.


