رووداو دیجیتاڵ نووسەر و توێژەری پڕۆژەکە (ژنە مەزنەکانی کورد) دەڵێ، بۆ زیندووکردنەوەی مێژووی ژنە سەرکردە و کاریگەرەکانی کورد، لە رێگەی تەکنەلۆژیای سەردەمەوە، دەستمان بە هەوڵێک کردووە بۆ ناساندنی ئەو کەسایەتییانەی کە لە مێژوودا رۆڵی گەورەیان هەبووە، بەتایبەت ئەو ژنانەی کە بەهۆی کۆنیی سەردەمەکەیان وێنە و ڤیدیۆیان نییە. رۆژی شەممە، 20ـی حوزەیرانی 2026، یاسین ئافتاو، نووسەر و توێژەری پڕۆژەکە و مامۆستای زانکۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت : ئەم پڕۆژەیە بە پشتیووانیی یەکێتیی ژنان و بە چاودێریی (لاڤە حیکمەت) جێبەجێ دەکرێت. "ئێمە دەمانەوێت لە رێگەی تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد (AI)، سیما و چیرۆکی ئەو ژنانە بۆ نەوەی نوێ بگێڕینەوە کە هیچ وێنەیەکیان لە دوا بەجێنەماوە." بە گوتەی نووسەر و توێژەری پڕۆژەکە، پلانەکە زۆر گەورەیە و بڕیارە کار بۆ 100 ژنی کاریگەر لە مێژووی کورددا بکرێت. یاسین ئافتاو گوتی، "یەکەم بەرهەممان لەسەر (فاتە رەش) بوو، دواتر کارمان لەسەر مەستوورەی ئەردەڵان کردووە. ئێستا خەریکی ئامادەکاریین بۆ چەندین کەسایەتی دیکە، کە سیمای دیکەی مێژوویییان هەیە." لەبارەی چۆنیەتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، یاسین ئافتاو ئاماژەی بەوە کرد، کارەکە وردە و پێویستی بە توێژینەوەی مێژووییە بۆ نووسینی دەقەکان. لایەنی هونەری و گرافیک و دروستکردنی وێنەکان بە ژیریی دەستکرد لەلایەن دکتۆر (کاردۆخ دارا) دەکرێت و رەوا ئەحمەد، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکەیە. پڕۆژەکە بە شێوەی مانگانە بەردەوام دەبێت و هەر مانگێک کار لەسەر یەک کەسایەتی دەکرێت. توێژەری پڕۆژەکە گوتی، دەیانەوێت هەندێک لە ناوەکان وەک هەژەند بمێننەوە تاوەکو کاتی بڵاوکردنەوەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بۆ ئەوەی بینەران چاوەڕوانییەکی ئەرێنییان بۆ مێژووی ژنانی کورد هەبێت.