رووداو - دیجیتاڵ
قەیرانی کەم ئاوی لە کۆبانێ قووڵتر دەبێتەوە و سەدان خێزان رووبەڕووی مەترسیی
تینوویەتی بوونەتەوە. تۆڕی ئاوی گشتیی شارەکە توانای دابینکردنی پێداویستییەکانی
هاونیشتمانیانی نییە و لە باشترین دۆخدا، تەنیا چوار رۆژ جارێک یان هەفتەی جارێک،
بۆ ماوەی تەنیا دوو کاژێر ئاو دەگاتە گەڕەکەکان، ئەمەش وایکردووە زۆربەی
تانکییەکانی سەربانی ماڵان بێ ئاو بمێننەوە.
بۆ گەیاندنی ئاو بۆ کۆبانێ، سێ وێستگەی سەرەکی هەن؛ وێستگەی "شێخلەر" کە 30
کیلۆمەتر لە رۆژئاوای شارەکەیە، لەگەڵ وێستگەکانی "قەرەقۆ" و وێستگەی سەرەکیی
ناو کۆبانێ. کێشەی سەرەکیی ئەم وێستگانە بۆ کەمیی وزەی کارەبا دەگەڕێتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کۆبانێ، ئەم وێستگانە بۆ کارکردنی تەواو
پێویستییان بە 4 مێگاوات کارەبا هەیە، بەڵام ئێستا تەنیا 1 مێگاوات کارەبایان
پێدەگات، ئەمەش پڕۆسەی دابینکردنی ئاوی بۆ هاونیشتمانیان بەتەواوی پەکخستووە.
پێویستیی راستەقینە بەرامبەر دابینکردنی ئاو: ئامارەکانی فەرمانگەی ئاو دەریدەخەن
کە کۆبانێ رۆژانە پێویستی بە 27 تاوەکو 30 هەزار مەتر سێجا ئاو هەیە، بەڵام
تۆڕی گشتیی ئاو لە هەفتەیەکدا یان لە چوار رۆژدا تەنیا دەتوانێت 9 هەزار مەتر سێجا
ئاو دابین بکات، کە ئەمەش رێژەیەکی زۆر کەمە و ناتوانێت پێداویستیی شارەکە پڕ
بکاتەوە.
زۆزان خەلیل، لە بەڕێوەبەرایەتیی فەرمانگەی ئاوی کۆبانێ، ئاماژە بەوە دەکات کە
چارەسەری بنەڕەتیی ئەم قەیرانە تەنیا بە چارەسەرکردنی کێشەی کارەباوە
بەستراوەتەوە و رایگەیاند کە تیمەکانیان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ
تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخە.
تانکەرێک ئاو بە 100 هەزار لیرەیە بەهۆی ئەم قەیرانە سەختە و وشکبوونی تۆڕە
گشتییەکان، هاونیشتمانیانی کۆبانێ ناچارن پەنا بۆ کڕینی ئاو بە تانکەر
بەرن. ئێستا نرخی هەر تانکەرێک ئاو گەیشتووەتە 100 هەزار لیرەی سووری، کە
ئەمەش لەگەڵ گرانبوونی کاڵا و پێداویستییەکانی دیکەی ژیان، بارگرانییەکی گەورەی
دارایی بۆ سەر شانی خێزانەکان دروستکردووە.

