رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیى عێراق رەزامەندیی دەربڕى بەوەى ئەو کەسانەى دەرچووى زانکۆکانى هەرێمى کوردستانن و دەیانەوێت خوێندنى باڵا لە زانکۆکانى عێراق بخوێنن، دواى پێشکێشکردنى داواکاری بۆ ئەو خوێندنە، هاوتا و پەسندکردنى بڕوانامەکانیان بۆ بکرێت، کە تاوەکو ئێستا بەو هۆیەوە رێگەیان پێنەدەدرا مامەڵەکانیان بکەن.
ئەو بڕیارە 16ى حوزەیرانى 2026 ، لەلایەن حەیدەر عەبد زوهد، بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیى عێراقەوە دەرکراوە.
بڕیارەکە لەسەر نووسراوێک بووە کە سروە محەممەد، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتى ئاراستەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیى عێراقى کردووە.
سروە محەممەد بە تۆڕى میدیایی رووداوی رایگەیاند: ماوەیەکى زۆرە دەرگاى خوێندنى باڵا لە زانکۆ و پەیمانگەکانى عێراق کراوەتەوە و 100 کورسی بۆ دەرچووانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیى عێراق تەرخانکراوە، بەڵام پێشکێشکاران تووشی کێشەیەک ببوون، چونکە بڕوانامەکانیان لەلایەن وەزارەتەکەى عێراقەوە. هاوتا و پەسند نەکرابوو.
هەندێک لە دەرچووانى زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان خوازیارن ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانى عێراق بخوێنن.
سروە محەممەد رایگەیاند، وەزارەتى خوێندنى باڵا رەزامەندیی داوە کە پێشکێشکارانى هەرێمى کوردستان بۆ ئەو خوێندنە وەربگیرێن و دواتر مامەڵەى پەسند و هاوتاکردنى بڕوانامەکانیان تەواو بکرێت.




