رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، بڕیارە لە دوو مانگى داهاتوودا دۆسیەى ئەمنیی کەرکووک لە سوپاوە رادەستى پۆلیسى خۆجێیی بکرێت.
هەینى 19ى حوزەیرانى 2026، مازن غەریب، ئەندامى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوی راگەیاند: بڕیارە لە مانگەکانى تەممووز و ئابى داهاتوودا بە فەرمى رێکارەکانى گواستنەوەى دۆسیەى ئەمنیی کەرکووک بکرێن؛ سوپا دەچێتە دەرەوەى شار و پۆلیسى خۆجێیی دەچێتە جێگەى.
لە ساڵى 2023ەوە رادەستکردنى دۆسیەى ئەمنیی پارێزگاکان لە عێراق دەستیپێکردووە، کە پێشتر بەهۆى شەڕى دژ بە داعش، سوپا تێیاندا باڵادەست بوو و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەمنى پارێزگاکان داندرابوون.
مازن غەریب، کە پەرلەمانتاری بازنەی کەرکووکە، رایگەیاند، لە دواى رادەستکردنى دۆسیەى ئەمنیی کەرکووک، دەسەڵاتى سوپا وەک پێشتر نامێنێت و دەدرێتە پۆلیس، لەگەڵ ئەو ناوچانەى دەرەوەى شار کە دانیشتووانی لێیە، لە ناو شارەکانیش سوپا دەسەڵاتى نامێنێت، تەنیا لەو دۆخانەدا نەبێت کە پێوستى بە دەستوەردانی دەبێت و داواى لێ دەکرێت.
تاوەکو ئێستا دۆسیەى ئەمنیی شەش پارێزگای عێراق بەتەواوى رادەستى پۆلیس کراون، کە بریتین لە: نەجەف، دیوانیە، واست، زیقار، میسان و بابل.




