رووداو - دیجیتاڵ
لە جەرگەی پایتەختی هەرێمی کوردستان و لە بەرامبەر تەلاری پەرلەمان، لە نێوان دوو
دەریاچە دڵگیرەکەی پارکی سامی عەبدولڕەحمان، پەردە لەسەر پەیکەری یەکێک لە
مەزنترین جەنەراڵ و سەرکردەکانی سەدەی بیستەم لادرا. جەنەراڵ شارل دو گۆڵ،
کە سیمبوڵی بەرگریی فەرەنسا و رزگارکەری ئەو وڵاتەیە لە ژێردەستی نازییەکان،
ئێستا لە هەولێر بە نامەیەکی مێژوویی بارزانیی نەمرەوە وەستاوە، نامەیەک کە لە
ساڵی 1968دا ئاراستەی کرابوو و بووە وەرچەرخانێکی مێژوویی لە پەیوەندییەکانی نێوان
کوردستان و فەرەنسا.
ئەم پەیکەرە دەربڕین لە رێز و وەفای گەلی کورد دەکات بۆ هەڵوێستێکی مێژوویی جەنەراڵ
شارل دو گۆڵ، کاتێک داواکارییەکی حکومەتی ئەوکاتەی عێراقی بۆ کڕینی چەک رەتکردەوە، تەنیا
لەبەر خاتری پاراستنی گەلی کورد.
حەسەن شێخ عەلادین، سەرۆکی جێبەجێکاری دەزگای روانگە، لەبارەی گرنگیی ئەم
یادکردنەوەیە دەڵێت: "حکومەتی عێراق داوای کڕینی چەک لە فەرەنسا دەکات،
بەڵام دوای ئەو نامە مێژووییەی پێشەوای رۆحیی نەتەوەی کورد مستەفا بارزانی، کە
لەو سەردەمەدا بۆ جەنەراڵ دو گۆڵی دەنێرێت، ئەوکات جەنەراڵ دو گۆڵ بڕیاردەدات کە
چەک بە حکومەتی عێراق نەدات. بۆیە لە پای رێز و وەفاداریمان، ئێمە بڕیارماندا
پەیکەرێک بۆ جەنەراڵ شارل دو گۆڵ لێرە دابنێین بۆ یادکردنەوەی ئەو نامەیەی
بارزانی و دروستکردنی مێژوویەکی هاوبەش لە نێوانمان."
پەیوەندییەکی دێرین و قووڵ پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا رەگێکی
مێژوویی قووڵیان هەیە و لە چەندین قۆناخی سەختدا پاریس پشتیوانییەکی کاریگەری دۆزی
کوردی کردووە. یان برەیم، کۆنسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر، ئاماژە بە بەردەوامیی
ئەو پەیوەندییە دەکات و دەڵێت: "ئەو پەیوەندییە لە ساڵی 1966ـەوە دروستبووە، لەو
کاتەوە ئەو پەیوەندییە هەر بەردەوام بووە. رۆڵی دانیال میتێرانمان بینی و رۆڵی
زۆر سەرکردەی سیاسیمان لەو ساڵانەی دوایی بینی؛ ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە
پەیوەندیی نێوان کورد و فەرەنسییەکان چەند قووڵ و بەهێزە."
فەرەنسا وەک هێزێکی گەورەی جیهانی و ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش، هەمیشە
جێگەی بایەخی کورد بووە. محەمەد حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی
کوردستان، لەو بارەیەوە دەڵێت: "فەرەنسا دەسەڵاتێکی تەواوی هەیە و پەیوەندیی لەگەڵ
دنیادا باشە. ئەو وڵاتە پەیوەندیی لەگەڵ کورددا هەبێت، مانای وایە جێگەیەکی
تایبەتی خۆی هەیە."
هونەر و مێژوو لە پەیکەرێکی مەڕمەڕدا، دروستکردنی ئەم پەیکەرە مەزنە مانگێکی
خایاندووە و بە شێوازێکی هونەریی بەرز نەخشێنراوە. ئارام ناسر،
پەیکەرسازی پەیکەرەکە، باس لە وردەکارییە هونەرییەکانی دەکات و دەڵێت:
"پەیکەرەکە بە شێوەیەکی واقیعی دروستکراوە (ریالیزم) و ماددەکەی مەڕمەڕە.
ویستمان تەمەنێک بێت نە گەنج بێت و نە زۆر پیر بێت، بەڵکو لە کۆتاییەکانی
تەمەنیدا بێت."
بەهەشتی ئاسمانیی کورد جەنەراڵ شارل دو گۆڵ، کە لە ساڵانی 1959 تاوەکو 1969
سەرۆککۆماری فەرەنسا بوو، تەنیا رزگارکەری فەرەنسا نەبوو لە دەست
نازییەکان، بەڵکو وەک بەرگریکارێکی مافی نەتەوە چەوساوەکان جێگەی خۆی لە
دڵی کورددا کردەوە. بارزانیی نەمر لە کۆتایی نامە مێژووییەکەیدا بۆ جەنەراڵ دو
گۆڵ وەسفێکی بێوێنەی فەرەنسا دەکات و دەڵێت: "خودای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا
فەرموویەتی (بۆ هەر مرۆڤێک لە ئاسمانەکاندا بەهەشتێکی بچووک هەیە کە رەنگە لە
نوێژدا بەرەو رووی بگەڕێتەوە)؛ تۆ و فەرەنسا بەهەشتی ئاسمانیی ئێمەن."
ئێستا ئەم پەیکەرە لە دڵی هەولێردا، نەک تەنیا وەک یادگارییەک بۆ جەنەراڵێکی
فەرەنسی، بەڵکو وەک شایەتحاڵێکی زیندوو لەسەر دۆستایەتیی دێرینی نێوان دوو
گەل ماوەتەوە.



