رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا (ئەنەکەسە) کرد.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەدا دەڵێت، دۆخی گشتیی ناوچەکە، دوایین پێشهاتەکانی گۆڕەپانی سووریا، بارودۆخی کورد و ناوچە کوردییەکان لەو وڵاتە، لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی ئەم دوایییەی ئەنجوومەنی گەل له سووريا تاوتوێ کران.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی بەشداريی کورد لە پرۆسەی سیاسی و دامەزراوە سیاسی، تەشریعی و کارگێڕییەکانی سووریادا کردەوە وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ مسۆگەرکردنی مافە رەواکانیان".
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی "جەختی لەسەر رۆڵ و ئامادەیی کاریگەری (ئەنەکەسە) و گرنگیی یەکهەڵوێستیی کورد لە سووریا و بەردەوامیی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی نێوان سەرجەم لایەنە کوردییەکان کردەوە".
بەگوێرەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، "هاندەر بوو بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی و هاوکاریی هاوبەش لەگەڵ دیمەشق، لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەرێکی گشتگیر بۆ کێشە سیاسییە هەڵپەسێردراوەکان، بەو شێوەیەی کە ئاسایش و سەقامگیری بپارێزێت".
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، شاندی میوان کورتەیەکیان دەربارەی چالاکی و هەوڵە سیاسییەکانی ئەنجوومەنەکە خستەڕوو، ههروهها "سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ پشتگیریی بەردەوامی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و هەرێمی کوردستان بۆ کورد لە سووریا دەربڕی".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، مەترسییەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و جموجووڵەکانی ئەم دوایییەی لە ناوچەکەدا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو. لەمبارهيهوه، تیشک خرایە سەر سەردانی ئەم دواییەی تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق و سووریا بۆ هەولێر و کۆبوونەوەى هاوبەشی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و مەزڵووم عەبدی، کە تيایدا جەخت لەسەر پەرەپێدانی هاوکاریی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر كرايهوه.


