رووداو دیجیتاڵ / وێنە: سەوسەن مەلەکی
لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، گوندی هەمرۆڵە بە بەرهەمهێنانی گوڵەباخ و گوڵاو ناسراوە. لەگەڵ کۆتاییەکانی وەرزی بەهار، وەرزی لێکردنەوەی گوڵەباخ لە گوندەکە دەستپێدەکات و دانیشتووانی سەرقاڵی بەرهەمهێنانی گوڵاو و بەرهەمەکانی دیکەی گوڵ دەبن.
روبابی خانی، ژنێکی دانیشتووی گوندەکەیە و ماوەی 30 ساڵە سەرقاڵی ئەم کارەیە، دەڵێت: "من لە خەسوومەوە فێربووم، ئەویش بە شێوازی نەریتی کۆن گوڵاوی دەگرتەوە. ئێستا خۆمان گوڵەکان دەچێنین، ئاویان دەدەین، دواتر لێیان دەکەینەوە و وشکیان دەکەینەوە، هەروەها گوڵاو و بۆنی خۆشی لێ دروست دەکەین."
بەرهەمهێنانی گوڵاو لە گوندی هەمرۆڵە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە 150 ساڵ دەگەڕێتەوە و پیشەکە نەوە لە دوای نەوە بەردەوامییان پێداوە.
بورهان هیدایەتی، یەکێک لە بەرهەمهێنەران، باسی لەوە کرد: "نزیکەی 150 ساڵە بنەماڵەکانمان لەم گوندەدا گوڵیان چاندووە و بە شێوازی نەریتی گوڵاویان لێگرتووەتەوە. ئێمەش لەسەر هەمان رێچکەی ئەوان بەردەوامین و کارەکەمان پەرەپێداوە."
لە گوندەکەدا بە دەیان هێکتار زەوی بە گوڵەباخ داپۆشراوە و زۆربەی خەڵکەکەی سوود لە بەرهەمەکەی وەردەگرن.
ساڵانە لەو گوندە فێستیڤاڵی گوڵاوگیری بەڕێوەدەچێت و بڕیارە ئەم ساڵیش لە سەرەتای وەرزی هاویندا فێستیڤاڵەکە دەستپێبکاتەوە، کە ئامانج لێی ناساندنی زیاتری بەرهەمەکانی گوندی هەمرۆڵەیە.
