رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، کێشەی سەرەکیی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانە، نەوەک بەرنامەی بەڕێوەبردن. ئاماژە بەوەش دەکات، لە کۆبوونەوەکانی تۆم باراکدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان پرسی پێکهێنانی حکومەت تاوتوێ کراوە.
ئەمڕۆ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە جیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، "لە ماوەی ئەم 20 مانگەدا کە پرسی پێکهێنانی حکومەت دواکەوتووە، هەمیشە ئەم بابەتە لەگەڵ دۆستەکانمان باسی لێوە کراوە".
بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دەڵێ، "تۆم باراک کەسایەتییەکی باڵای ئەمریکایە و شارەزاییەکی تەواوی لە ناوچەکەدا هەیە و لە کۆبوونەوەکانیدا پرسی تێپەڕاندنی بنبەستی سیاسی و پێکهێنانی حکومەت وەک بابەتێکی سەرەکی باس کراوە."
هۆشیار سیوەیلی ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەگەر خۆمان کێشەکان چارەسەر نەکەین، نە ئەمریکا و نە هیچ وڵاتێکی دیکە ناتوانن بۆمان چارەسەر بکەن. ئەوان وەک دۆست داوامان لێ دەکەن بە زووترین کات ریککەوتن بکەین، چونکە ئەم کێشەیە کاریگەریی نەرێنی لەسەر پێگەی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا دروست کردووە."
بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی لەبارەی گفتوگۆکانی رابردووی شاندی دانوستاندنکاری پارتەکەی و یەکێتی قسەی کرد و گوتی، "نزیکەی ساڵێک لیژنەی دانوستاندنکار گفتوگۆیان کرد و لەسەر بەرنامەی داهاتووی حکومەت و دیدگەی بەڕێوەبردن گەیشتنە ئەنجام و هەردوولا واژۆیان لەسەر کرد. زۆربەی داخوازییەکانی یەکێتی لەو دیدگەیەدا جێگیر کران، بەڵام کاتێک گەیشتە سەر دابەشکردنی پۆستەکان، پرۆسەکە تووشی کۆست و کێشە بوو."
هۆشیار سیوەیلی ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا کێشەکە لەسەر هەندێک پۆستی گرنگ ماوە کە یەکێتی داوایان دەکات و تاوەکو ئێستا ریککەوتنیان لەسەر نەکراوە، بەڵام "تەنیا رێگەی بەرەوپێشچوون دانیشتن و بەردەوامبوونی دیالۆگە."
قسەکانی هۆشیار سیوەیلی ئەمڕۆ سێشەممە 16-06-2026 لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی کاژێر 16:00ی تۆڕی میدیایی رووداو.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، هۆشیار سیوەیلی باسی لە گرنگیی دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی کرد و گوتی، "پارتی ئەم دەستپێشخەرییەی زۆر بە جیدی وەرگرتووە. لە کۆبوونەوەی رۆژی شەممەی کۆمیتەی ناوەندی پارتیشدا جارێکی دیکە جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە هەوڵەکان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ هەموو لایەنەکان چڕ بکرێنەوە".
سیوەیلی گوتیشی، "ئەگەر لەگەڵ هەمووانیش نەبێت، دەبێت بە دڵنیاییەوە لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە لایەنێکی سەرەکییە دابنیشین."
سەبارەت بە کاراکردنەوەی پەرلەمان، سیوەیلی ئاماژەی بەوە کرد، "پێویستە لایەنەکان پێشوەختە رێکبکەون، چونکە ئەگەر کۆنەبنەوە و باس لە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی نەکەن، پەرلەمان کارا نابێتەوە. کاراکردنەوەی پەرلەمان هەنگاوی یەکەم و سەرەتایەکی گرنگە بۆ راگەیاندنی کابینەی نوێی حکومەت."
هۆشیار سیوەیلی باسی لەوەش کرد، پارتی لەسەر ئاستی باڵا ئامادەیە بۆ دیالۆگ و گوتیشی: "ئێمە تارادەیەک گەشبینین، چونکە هەوڵەکان گەورەن و هەمووان تێدەگەین کە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی سەختدایە و پێویستی بە تێپەڕاندنی ئەم بنبەستە سیاسیەیە."


