رووداو دیجیتاڵ
سیستمی نوێی پەنابەریی یەکێتیی ئەورووپا بەفەرمی چووە بواری جێبەجێکردنەوە، رێکارەکان بۆ گەیشتنی پەناخوازان سنووردارتر دەکات و پرۆسەی سنوورداشکردنەوەیان خێراتر دەکات. ئەمەش نیگەرانیی قووڵی لەنێو رەوەندی کوردی لە ئەورووپا دروستکردووە.
بەگوێرەی یاسا نوێیەکە، کۆچبەران لە هەر سنوورێکی ئاوی یان وشکانییەوە بێنە نێو یەکێتیی ئەورووپا، پەنجەمۆریان لێ وەردەگیرێت. ئەو کەسانەی کە چانسی وەرگرتنی مافی پەنابەرییان کەمە، لە کەمپی داخراوی هاوشێوەی بەندیخانە دەهێڵدرێنەوە و بڕیار لەبارەی دۆسیەکانیان بە شێوەیەکی خێراتر دەدرێت. هەر پەناخوازێکیش داواکارییەکەی رەتبکرێتەوە، راستەوخۆ دیپۆرت دەکرێتەوە.
رۆژ خەلیف، پارێزەری کورد لە ئەڵمانیا، نیگەرانیی خۆی لەبارەی ئەم گۆڕانکارییانە نیشان دا و بە رووداوی گوت: "من دەترسم ئەم گۆڕانکارییانە ببنە هۆی ئەوەی داواکارییەکانی پەنابەری قبوڵ نەکرێن، خەڵکی زیاتر بگەڕێندرێنەوە و بێ ئەوەی هۆکارەکانی پەنابەری و مافەکانیان بە شێوەیەکی دروست هەڵسەنگێندرێن، بەڵام پێویستە پەنابەران بتوانن بەپێی یاسا مافەکانی خۆیان بپارێزن و بەکاریان بهێنن."
عەلی تۆپراک، سەرۆکی جڤاکی کورد لە ئەڵمانیا، دەڵێت: "ناتوانرێت وەک رابردوو بەردەوام بێت، بەڵام گرنگە هەر پەنابەرێک کە کێشەی سیاسی هەیە، مافی دادگاییەکی دادپەروەرانەی هەبێت."
عەلی تۆپراک، ئاماژەی بەوەشکرد، بەرپرسانی ئەورووپا بەڵێنیان داوە کە رێکارەکان پارێزراو بن و هیچ گۆڕانکارییەک رێگر نابێت لەوەی خەڵک لە سنوورە دەرەکییەکانی وەک یۆنان، ئیتاڵیا یان ئیسپانیا داوای پەنابەری بکەن.
سەرۆکی جڤاکی کورد لە ئەڵمانیا، یاسا نوێیەکە بە جۆرێک لە سازش لە نێوان لایەنگرانی داخستنی تەواوەتیی ئەورووپا و ئەوانەی باوەڕیان بە یارمەتیدانی خەڵک هەیە، وەسف دەکات و دەڵێت: "پێش بڕیاری کۆتایی، دەبێت چاوەڕێ بکەین و ببینین لە کرداردا چۆن جێبەجێ دەکرێت و ئایا بەڕاستی پێوەرە یاساییەکان دەپارێزرێن یان نا."
لەناو دیارسپۆرای کوردیدا، ترس هەیە کە پۆلێنکردنی خێرای دۆسیەکان ببێتە هۆی ئەوەی کێشە راستەقینەکانی پەناخوازانی کورد فەرامۆش بکرێن و وڵاتەکانیان وەک "ناوچەی ئارام" بناسێندرێن، کە ئەمەش رێگە بۆ سنوورداشکردنەوەی بەکۆمەڵ خۆش دەکات.
حەسەن عابد، خوێندکارێکی کوردە بە رووداوی گوت: " زۆر دەترسم، چونکە دەتوانێت بۆ زۆر لە ئێمە سەخت بێت. زۆر کورد لەگەڵ خێزان و منداڵەکانیان هاتوونەتە ئێرە و ژیانێکی نوێیان دروستکردووە. ئەگەر داواکارییەکانیان قبووڵ نەکرێن، ناتوانن بە ئاسانی بگەڕێنەوە، چونکە دۆخی ئەوێش زۆر سەختە."
پەلگین زیدان، چالاکڤانێکی کوردە دەڵێت: "ئێمە زۆر پەیوەندیدارین بەم دۆخەوە، چونکە خەڵکێکی زۆرمان لە رۆژئاوا، رۆژهەڵات و باشووری کوردستانەوە هاتوون و زۆر خەمبارین."
دەرچوواندنی ئەم یاسایە هاوکاتە لەگەڵ کەمبوونەوەی دەنگی پارتە دەسەڵاتدارەکانی ئەورووپا و سەرکەوتنی پارتە راستڕەوە دژە کۆچبەرەکان، کە بووەتە هۆکارێک بۆ گۆڕینی پێوەرە مرۆییەکانی رابردوو و پەسندکردنی تووندترین رێوشوێنەکانی کۆچ لە مێژووی هاوچەرخی ئەورووپادا.


