رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبا دەستپێکردنی سیستمی نوێی دیجیتاڵیی (ئی- پسوولە) لە پێنج ناوچەی دیکە راگەیاند. بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای گەرمیان دەڵێ، هەموو رێکارەکانی وەک گۆڕینی بگۆڕ و نوێکردنەوەی پسوولە لە فەرمانگە دەبنە ئەلیکترۆنی.
رۆژی دووشەممە، 15ـی حوزەیرانی 2026، حازم کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە سیستمی دیجیتاڵی بۆ فەرمانگەکانمان جێبەجێ بکرێ، بەڵام هێشتا نەکەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە. هەندێک کاری هێڵکاریی کارەبا و ئینتەرنێتی ماوە و بڕیارە بە زووترین کاتدا هەموو شت تەواو بێت."
بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای گەرمیان باسی لە سوودەکانی پڕۆژەکە بۆ هاونیشتمانییان کرد و گوتی: "بە تەواوبوونی کارەکان، هەموو رێکارەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکان کە پەیوەندییان بە هاونیشتمانییانەوە هەیە، وەک گۆڕینی بگۆڕ یان نوێکردنەوەی پسوولە و پارەی مانگانە، هەموویان لە رێگەی ئەم سیستەمەوە دەکرێن و کارەکان لە فەرمانگە دەبنە ئەلیکترۆنی؛" ئاماژەی بەوەش کرد کە لە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان زیاتر لە 86 هەزار هاوبەشی کارەبا هەن.
هەر ئەمڕۆ وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان دەستپێکردنی سیستمی نوێی دیجیتاڵی لە پێنج ناوچەی دیکە راگەیاند کە بریتین لە گەرمیان، دەربەندیخان، دووکان، چەمچەماڵ و سەیدسادق.
بەگوێرەی وەزارەتەکە، لە رێگەی ئەم سیستەمەوە نزیکەی 280 هەزار هاوبەشی دیکە لە پڕۆسەی پسوولەکردن و پارەدانی ئەلیکترۆنی سوودمەند دەبن، ئامانجیش لێی خێراکردنی مامەڵەی هاونیشتمانییان و ئاسانکارییە لە پارەدانی "ئی-پسوولە" بە شێوەی دیجیتاڵی.
ئەم هەنگاوە بەشێکە لە پڕۆژەی (رووناکی) کە لە بەشی زۆری هەرێمی کوردستان جێبەجێ کراوە.
(پڕۆژەی رووناکی) لە تشرینی دووەمی ساڵی 2024 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە راگەیێندرا. ئامانجی پڕۆژەکە دابینکردنی کارەبای 24 کاژێرییە بۆ هەموو ماڵ و شوێنە بازرگانییەکان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026.




