رووداو دیجیتاڵ
لە پەروەردەی کەرکووک 39 مامۆستا و فەرمانبەری خاوەن بڕوانامەی باڵا و دەرچووی یەکەم، نزیکەی دوو ساڵە دەستبەکاربوون و مووچەیان وەرنەگرتووە. لەکاتێکدا ئەو فەرمانبەرانەی حەوت مانگ دوای ئەوان دامەزراون، مووچەیان بۆ خەرج کراوە. بەڕێوەبەری پەروەردەی شارەکەش دەڵێت: "گرفتەکە لە وەزارەتی دارایی عێراقە."
ئەو فەرمانبەرانە کە خاوەن بڕوانامەی ماستەر و دکتۆران و بەشێکیان دەرچووی یەکەمی سەر ئاستی کۆلێژەکانن، نیگەرانن لەوەی سەرەڕای ئەوەی لە کۆتایی ساڵی 2024ـەوە دەستبەکاربوون، بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەیان وەرنەگرتووە.
یەکێک لەو مامۆستایانە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە 39 کەسین و لە مانگی 12ی ساڵی 2024ـەوە دەستبەکاربووین، بەڵام وەجبەیەکی دیکە کە 193 کەسن و حەوت مانگ دوای ئێمە (لە مانگی 7ی 2025) هاتوون، مووچەیان وەرگرتووە. تاوەکو ئێستا نازانین کێشەکەمان چییە و بۆچی پارەی ئەوان خەرج کراوە و هی ئێمە نا."
بەپێی بەڵگەنامەیەکی وەزارەتی دارایی عێراق کە وێنەیەکی دەست رووداو کەوتووە و رێکەوتی 12ی نیسانی 2026ی لەسەرە، زیاتر لە 13 ملیار دینار بۆ شایستەی دارایی دامەزراوانی نوێی وەزارەتی پەروەردە تەرخانکراوە.
لە خشتەی هاوپێچی نووسراوەکەدا، 514 ملیۆن و 337 هەزار دینار بۆ ئەو 39 فەرمانبەرە تەرخانکراوە کە مێژووی دەستبەکاربوونیان لەنێوان (11-12-2024
تاوەکو 31-12-2025) بووە، بەڵام وەک مامۆستاکان دەڵێن، ئەو پارەیەیان پێنەدراوە.
مەنسوور مەزەری، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی کەرکووک بە رادیۆی رووداوی رایگەیاند: "ئەو 39 کەسە بە فەرمی دامەزراون و دەرچووی یەکەم بوون، بەڵام چونكە دامەزراندنیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2024، گرفتەکە لە وەزارەتی دارایی عێراقە لە بەغدا."
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی کەرکووک دڵنیایی دایە فەرمانبەرەکان و جەختی کردەوە کە "لەسەر هێڵین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و تەواوی مووچە فەوتاوەکانی ئەو دوو ساڵەیان بۆ خەرج دەکرێت."



